کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سیاسەتێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە خەڵک دەگرێتە بەر

19:46 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، ٣٢ یەکەی سێنفی لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمەوە لە ڕوانسەر پلۆمپ کراوە.

هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم، لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیمەوە لە شاری ڕوانسەر بە ناوی "سەرهەنگ ئیمان مورادی"، ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، ٢٥٠ یەکەی سێنفی لە لایەن هێزەکانی ئینتزامیی ئەو شارەوە پشکێندراوە".

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "لەو پشکنینانەدا، ٣٢ یەکەی سێنفی پلۆمپ کراون و هەروەها ٥٣ یەکەی دیکە هۆشدارییان بۆ نێردراوە، کە ڕێژیم بەو بیانوویەوە وەک سیاسەتێکی نوێ، بۆ وەرگرتنی باج و پارەی زۆرەملێ لە خەڵک، هەڵ دەکوتێتە سەر سێنف و بازاڕییەکان".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە شاری ڕوانسەر، داوای لە خەڵکی ئەو شارە کردووە کە لە ئەگەری بینینی هەرجۆرە تاوانێک، لە ڕێگای پەیوەندیگرتن بە ژمارەی ١١٠ـەوە، پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.

هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم بەم شێوازە، هەوڵی گوشار خستنە سەر خەڵک و ئازاردانیان دەدەن و بۆ وەرگرتنی باج ڕێگە بە کار و کاسبیی خەڵک دەگرن و هەروەها داوا لە خەڵک دەکەن کە یارمەتیدەریان بن بۆ کردەوە قێزەونەکانیان.