کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم شکستێکی دیکەی خۆی واژۆ کرد

18:06 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەی پەیوستبوونی بە کۆنوانسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پشتیوانی ماڵی لە تیرۆریزمی پەسند کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە دەنگدانێکی نهێنیدا دەنگی بە پەیوەستبوون بە کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پشتیوانی ماڵی تیرۆریزم "دا.CFT"

دانیشتنی مەجلیس وەک هەموو جارەکانی دیکە، ئەمجارەش بێ کێشەو دەمە قاڵە نەبوو و دوای کێشە و دەمەقاڵەیەکی زۆری بەناو ئەندامانی مەجلیس و هۆشدارییە بەردەوامەکانی دەستەی ڕێبەری مەجلیس بۆ ئارامکردنەوەی بەناو نوێنەران، گەڵاڵەی "سی ئێف تی" بە ١٤٣ دەنگی ئەرێنی، ١٢٠ دەنگی نەرێنی و ٥ دەنگی سپی پەسند کرا و ئێستا چارەنووسی ئەم گەڵاڵەیە دەچێتە بەردەستی شۆرای نیگابان.

جێگای ئاماژەیە کە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لەم دانیشتنەی مەجلیسدا بەشدار بوو هەتا کار لەسەر بیرکردنەوەی ئەندامانی مەجلیس بکات و دەنگ بە پەسندکردنی ئەم گەڵاڵەیە بدەن.

محەممەد جەواد زەریف لەم دانیشتنەدا وتی: "چەندین جار بەهۆی "مقاومت"ی خەڵک و ڕاوێژ، توانیومانە ئامریکا شکست بدەین و ئەمجارەش عاقڵانە ئەم وڵاتە شکست دەدەین".

محەممەد جواد زەریف لە قسەکانیدا جەختی لەوە کردبۆوە کە نە ئەو و نە سەرکۆمار ناتوانن دڵنیایی ئەوە بدەن کە بە پەیوەست بوون بەم کۆنوانسیۆنە بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکات.

چەندین بە ناو نوێنەری مەجلیس لەم دانیشتنەدا لە دژی ئەم گەڵاڵەیە  باسیان لەوە کردبوو کە بە پەیوەست بوون بەم کۆنوانسیۆنە و کێشەکانیان چارەسەر نابێت ودەوڵەت دەیهەوێت درۆ لەگەڵ نوێنەراندا بکات.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئێستادا لەناو لیستی ڕەشی یەکیەتی نێونەتەوەیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارەدایە.

گرووپی تایبەتی هەنگاوی ماڵی یان FATF ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی 1989ی زایینی بە دەسپێشخەری G7 دامەزرا تاکوو دژ بە سپیکردنەوەی پارە لە جیهاندا خەبات بکات؛ بە فەرمیش لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە پێناو خەبات بەدژی دابینکردنی ماڵی تێرۆریزم تێدەکۆشێ کە ٣٧ ئەندامی سەرەکی هەیە و ٢٥ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وەک سندوقی نێونەتەوەیی دراو و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامی چاودێرن لەم ڕێکخراوەدا.