کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم له‌ به‌رامبه‌ر هێزی‌ مامۆستایان پاشه‌کشه‌ی‌ کرد

11:34 - 13 رەزبەر 2720

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانە لە "سنە" بەهۆی مەترسیی کۆرۆنا بۆ سەر ژیانی خۆیان و قوتابییان مانیان گرت و داوایان کردووە قوتابخانەکان دابخرێن و خوێندن بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٢ی‌ ڕه‌زبه‌ر، لە دوای مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان بەنیسبەت کرانەوەی قوتابخانە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا لەنێو قوتابییاندا، فەرمانداری "سنە" ڕایگەیاندووە: "بۆ ماوەی دوو حەوتوو قوتابخانەکان دادەخرێن و لەمە بەدواوە خوێندن بە شێوەی ئانلاین دەبێت".

مامۆستایه‌کی‌ قوتابخانه‌ له‌ "سنه"‌‌ ڕایگه‌یاندووە: "کۆرۆنا ته‌واوی‌ ژیانی‌ خه‌ڵکی‌ له‌ سنه‌ په‌ک خستووه‌. ڕێژیم نه‌ته‌نیا هیچ هه‌وڵێکی‌ بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵکوو هاوکاریش بووه‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندنی‌ زیاتری‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌‌ و ئێمه‌ مامۆستایان له‌هەمبه‌ر تەندروستیی‌ قوتابییان‌ خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین".

ئەو مامۆستایە هەروەها باسی لەوە کردووە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی ئێمەی مامۆستایان، بنەماڵەکانیش منداڵەکانیان نانێرنەوە قوتابخانەکان.

ئەو مامۆستایه‌ بەنیسبەت خوێندنی لە ڕێگەی ئانلاینەوە وتوویەتی: "یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی‌ دیکه‌ی‌ ئانلاینیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو قوتابییان ئیمکاناتی‌ خوێندنی‌ ئانلاینیان نییه ‌‌و له‌نێوان مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا ‌‌و نه‌خوێندندا گیرمان کردووه‌‌ و ڕێژیم هیچ هاوکارییه‌کمانی لەوبارەوە نەکردووە و ناکات".