کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکان دیسانەوە وادە و بەڵێنی به خەڵک دەدات

11:50 - 27 جۆزەردان 2721

ڕێژیم لە درێژەی چەواشەکارییە جۆراوجۆرەکانیدا، بەنیسبەت بەناو هەڵبژاردنەکان، وادەی سەیر و سەمەرە بە خەڵک دەدات.

لە بەرەبەری بەناو هەڵبژاردنەکاندا، دەستنیشانکراوانی ڕێژیم لە شاری "سەردەشت"، و لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکاندا کە ئەو پەیجانە سەر بە ڕێژیمن، پرۆژەیەکیان بە ناوی پاڕکی "گوڵان" خستووەتە بەرچاوی خەڵک، بە شێوەیەک لەو پرۆژەیدا ئاوەدانییەکی زۆر دێتە بەرچاو.

ئەوە لەحاڵێکدایە شاری سەردەشت هەتا ئێستا لە خزمەتگوزارییە سەرەتایەکانیش بێبەشە و هیچ کەس وڵامدەری ئەم دۆخە نییە.

ئەم شارە لە بواری پیشەوە زۆر بێبەشە و خەڵکەکەی بەهۆی بێکاری بەرەو وڵاتانی ئورووپایی کۆچ دەکەن.

لە ساڵی ڕابردوودا ٩ کۆچبەری "سەردەشتـ"ـی بە هۆکاری جیاواز لە ڕێگای ئورووپادا گیانیان لەدەست داوە کە دوایین کەسیان ژنێکی ٢٧ ساڵە بە ناوی "مێهری نەبیزادە" بوو کە لە ڕۆژی ١٥ی جۆزەردان لە ڕێگای تورکیە و "یوونانـ"ـدا گیانی لەدەست دا.

لاوەکانی "سەردەشت"، بەهۆی بێکاری ڕوویان کردووەتە کاری کۆڵبەری.

هەروەها بریندارانی کیمیایی، لە ساڵی ٦٦ی هەتاوییەوە کە لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە هێرش کرایە سەر ئەو شارە، داوای خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەکەن بەڵام هەتا ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانەوە وڵامیان نەدراوەتەوە.