کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە جیاتی چارەسەریی کۆرۆنا خورافات بڵاو دەکاتەوە

13:11 - 1 بانەمەڕ 2720

یەکێک لە مۆرەکانی ڕێژیم بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدئۆلۆژیا فریوکارانەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ دەرمانی کۆرۆنا، داوای لە خەڵک کردووە کە میزی وشتر بخۆنەوە.

"مەهدی سەبیلی"، بەڕێوبەری ئەنجومەنی زانستیی پزیشکیی ئیسلامیی ئەلسادقی ڕێژیم، ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی، بۆ دەرمانی کۆرۆنا و کێشەکانی هەناسە دەتوانن لە میزی وشتر کەڵک وەربگرن.

ئەو مۆرەیەی ڕێژیم هەروەها لە ڕێگەی دروستکردنی حەدیس و ڕەوایەتی ساختە بە ناوی ئیمامانەوە هەوڵی داوە کە ڕەوایی بەو پێشنیارەی خۆی بدات.

ئەمە بەڕوونی باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە دۆخی شپرزەی قەیرانی کۆرۆنادا هەوڵ دەدات لەو ڕێگەیەوە پەرە بە بیر و فکرە چەوتەکانی خۆی بدات و کەڵکاوەژۆی سیاسیی لێ وەربگرێت.

هەروەها ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران بە دانانی بونیادێک بە ناوی "بونیادی موستەزعەفان"، وتوویانە کە ئیمە دەتوانین لە ڕێگەی پزیشکیی سونەتییەوە لە دەرمانی کۆرۆنادا یارمەتیدەر بین.

ئەمە لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ هەناردەکردن و بڵاوکردنەوەی بیر و فیکری خورافەیی لەنێو خەڵکی ئیران و هەروەها لە جیهانیشدا.