کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە دۆخی خراپی هەواشدا قوتابخانەکانی دانەخستووە

16:37 - 28 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای بارینی بەفری زۆر و بەسترانی ڕێگاکان، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، قوتابخانەکانی دانەخستووە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و قوتابییان و تەنانەت ڕووداوی خراپی لێکەتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهۆی بارینی بەفری زۆر و خراپیی ڕێگاوبانەکان، مینیبووسێکی گواستنەوەی منداڵان، لە ڕێگای "حەسەن نووران" سەر بە شنۆ، لە ڕێگاکە لایدا و وەرگەڕا، کە زیانی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خوێندکاران پێشتر داوایان لە قوتابخانەکان و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم  کردووە کە قوتابخانەکان دابخەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا خوێندکارانی خەڵکی "گردکاشان" سەر بە شنۆ، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە بێکیفایەتیی بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنان دەربڕیوە و یەکێک لە خوێندکارانی ئەو گوندە، بە هەڵگرتنەوەی فیلمێک لە ڕێگای نێوان گردکاشان بۆ شنۆ، باسیان لە نەبوونی ماشین بۆ هاتوچۆ کردووە.

پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدا لە دۆخە پێویستەکاندا قوتابخانەکان داناخات کە بە زۆرەملێ و بە مەبەستی بەڕێوەبردنی شانۆی ماتەمینی تێرۆریست قاسم سلێمانی، چەند ڕۆژ قوتابخانەکانی داخست.