کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شاری سنە پیلان بۆ بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دادەنێت

11:46 - 31 بانەمەڕ 2721

دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەگەلێک و بەشداری پێکردنی مۆرەکانی خۆیان بەناو باوەڕپێکراوی شارەوە، هەوڵی کاریگەریدانان لەسەر بڕیاری خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەدەن.

دووەمین کۆبوونەوەی بەناو باوڕپێکراوانی خەڵک و بەربژێرەکانی بەناو شورای شاری سنە بە بەشداریی ٨٠ کەس و ٢٠ بەربژێر بە مەبەستی کڵاو لەسەرنانی خەڵکی ئەو شارە و بەخەڵکی وێناکردنی هەڵبژاردنەکان لە میوانخانەی "جیهانگەردیـ"ـی سنە بەڕێوە چوو.

سەرچاوەیەک لەوبارەوە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە بەناوی "موعتەمێد" باوەڕپێکراوی خەڵکەوە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار کراون، هیچ ناو و ناسراوییەکیان لەلای خەڵکی ئەو شارە نییە و ئەمە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەوەیکە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن زۆر کەمە و ڕێژیم بەو پیلانە دەیهەوێت خەڵک بێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە ئەمانە لەلایەن خەڵکەوە باوەڕپێکراون و بەم شێوازە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕایانکێشن.

هەروەها ئاماژەشی بەوە کردووە کە هەموو کەسێک دەزانێت کێ لە پشت ئەم کردەوانەیە و خەڵک ئاگاداری دەستەکانی پشتی پەردەی ئەو پیلانانەن.