کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شاری شنۆ هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی دەکات

13:33 - 21 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: چالاکانی مەدەنی لە شاری شنۆ، لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان لە لایەن ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندی "تاچیناوێـ"ـی، سەر بە شاری شنۆ، لە کاتێکدا کە خەڵک بە شێوەی خۆبەخش خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان بوونە، لە لایەن فەرمانداریی ئەو شارەوە هۆشدارییان پێ دراوە و پێیان وتوون، "ئەگەر کۆتایی بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان نەهێنن، لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات بەرەوڕوو دەبنەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: خەڵک لە دوای هەڕەشەی فەرمانداریی شنۆ، پارە و یارمەتییە کۆکراوەکانیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کردووەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ڕۆژانی پێشوودا، ئیدارەی ئیتلاعات و هیلال ئەحمەری ڕێژیم، لە شاری مەهاباد، هێرشیان کردە سەر چالاکانی ئەنجومەنی "ژیانەوەی سروشت" لە مەهاباد و پێیان وتبوون، کە دەبێت کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" کۆ بکەنەوە و ڕێگایان بەو ئەو ئەنجومەنە نەداوە کە یارمەتی بۆ لافاولێدراوان کۆ بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیم، بۆ دەرچوون لە ژێر ڕەخنە و گلەیییەکانی خەڵکی لێقەوماو، بانگەشەی فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندان بە مەبەستی یارمەتیگەیاندن بە لافاولێدراوان دەکات و داوای کۆکردنەوەی یارمەتی لە قوتابییەکان دەکات، کە ئەمانە تەنیا بۆ خۆنواندن لە بەرانبەر خەڵکی لێقەوماوەیە.