کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە قوتابخانەکاندا پڕوپاگەندە بۆ تێرۆریزم دەکات

11:39 - 24 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێران لە قوتابخانەکانی "کامیارانـ"ـدا داوایان لە قوتابییانی قوتابخانەکان کردووە کە ئینشایەک لەسەر "قاسم سلێمانی" بنووسن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار، بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران لە کامیاران داوایان لە قوتابییانی قوتابخانەی سەرەتایی ئەو شارە کردووە کە ئینشایەک لەژێر ناوی "هەموومان قاسم سلێمانییەکی ترین" بنووسن.

ئەو داواکارییەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن قوتابییانەوە ڕەت کراوەتەوە.

هەروەها بنەماڵەی قوتابییان بەنیسبەت ئەو داواکارییەی کاربەدستانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی لەلایەن ئامریکاوە، بە هەموو شێوەیەک دەیهەوێت خەڵک ماتەمبار بکات.

لەو پێوەندییەدا ڕێژیم لە بۆکان داوای لە قوتابییان کردبوو کە لەبارەی قاسم سلێمانی‌ ئینشا بنووسن.

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان به هەر شێوەیەک دیهەوێت وا پیشان بدات کە خەڵک پشتیوانی ڕێژیمە، بەڵام دڕاندنی وێنەی تێرۆریست قاسم سلێمانی و بڵاوکردنەوەی شیرینی بەبۆنەی کوژرانی ئەو تێرۆریستە، دەریخست کە خەڵک لە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بێزاره.