کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە مەریوان کاسبیی خەڵک دەبڕێت

13:52 - 30 خەرمانان 2720

ڕێژیم لە شاری مەریوان گوشاری خستووەتە سەر خەڵکی دەستفرۆش و کەلوپەلەکانیانی کۆ کردووەتەوە کە بەو هۆیەوە کێشە و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان، شارەوانیی شاری مەریوان بە هاوکاریی جاش و سیخوڕ و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارەدا، لەسەر فەرمانی دادستانی ڕێژیم لە مەریوان، سەرجەم دەستفرۆشەکانی سەر شەقام و کۆڵانەکانی مەریوانیان کۆ کردەوە.

لە ئاکامی ئەو کارەی ڕێژیمدا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵکی دەستفرۆش و و هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم لە شەقامی "شەبڕەنگـ"ـدا هاتووەتە ئاراوە.

دەستفرۆشەکان لەو تیکهەڵچوونەدا حوکمی دادستانیان دڕاندووە.

شایەتحاڵانی ڕوداوەکە ڕایانگەیاندووە ڕێژیم بۆ ناسینەوە و کۆکردنەوەی دەستفرۆشان لە جاش و سیخوڕ و خۆفرۆشەکان کەڵکی وەرگرتووە.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم لە بواری ئابوورییەوە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، تەنانەت ڕێگای کاسبی کردنیش لە خەڵکی هەژار دەگرێت و کاتێکیش هەمان خەڵک ڕوو دەکەنە پیشەگەلی وەک کۆڵبەڕی لەلایەن ڕێژیمەوە هەڕەشەی مەرگیان لەسەرە.