کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هاوینە هەوارەکانی زەردۆیی ڕێوشوێنی ئەمنیەتیی گرتووەتە پێش

21:59 - 4 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ئامادە بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکان و نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کورستان، دەست‏وپێوەندییەکانی ڕێژیمی تۆقاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەناوچەی زەردۆیی پاوە، هەڕەشەیان لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە کە لە ئەگەری دروستکردنی خانوو لە هاوینە هەوارەکانی ناوچەکە، لەگەڵ سزای قورس بەرەوڕوو دەبنەوە.

شایەتحاڵێک لەو پەیوەندییەدا بە کوردستان میدیای گوت: لەو کاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگەی دێموکرات لە سنوورەکان جێگیر بوون، ڕێژیم لە هاوینە هەوارەکانی وزە پووچ، ویراش، سەردانی و زەیتی ناوچەی زەردۆیی، ئیزنی ساز کردنی خانوو بە خەڵک نادەن و بەو کەسانەش کە پێشتر خانوویان ساز کردووە ڕایانگەیاندووە کە دەبێ بە نسیبەت ڕووخاندنی ئەو خانووانە هەنگاو هەڵبگرن و سەرەڕای ئەوە جەریمەی نەختییش بدەن.

بەرپرسانی رێژیم هۆکاری ئەم کارەیان گەڕاندووەتەوە بۆ نەبوونی ئەمنیەت لە سنوورەکان و هەروەها تێکچوونی سرووشتی هاوینە هەوارەکان و هوشدارییان بە دانیشتوانی ناوچەکە داوە کە ئەوان تەنیا دەتوانن خانووی وەرزی لەوی ساز بکەن و نابێ لە وەرزی زستاندا شیاوی کەڵک لێ وەرگرتن بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە خۆجێیەکان هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم کردەوەی رێژیم بۆ ترس لە ئامادە بوونی پێشمەرگە و پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.

لە ساڵانی ڕابردودا، دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەستیان داوەتە دروستکردنی خانووی هەمیشەیی لە هاوینە هەوارەکان، بە چەشنێک کە لە مانگە ساردەکانی ساڵیشدا وەکوو شوێنێکی گەشتیاری کەڵکی لێ وەرگیراوە.