کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هێرش بۆ سەر پەهپادێکی ئامریکایی ناسەرکەوتوو بوو

11:50 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتشی ئامریکا، باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی پەهپادێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە.

ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتشی ئامریکا، ناسراو بە "سێنتکام"، لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئامریکا سەبارەت بە مووشەکهاوێژیی ڕێژیم بۆ پەهپادێکی ئامریکایی، کردەوەکەی ڕێژیمی ئێرانی بە ناسەرکەوتوو ناو بردووە.

"سێنتکام" لەم ڕاگەیەندراوەدا باسی لەوە کردووە کە هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەرداندا کە هێرش کراوەتە سەر دوو نەوتکێشی وڵاتی عومان، مووشەکێکی زەوی بە هەوای ڕێژیمی ئێران، پەهپادی MQ-9ی ئامریکای کردووەتە ئامانج، تاکوو پێش بە دیتنی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر نەوتکێشی "کوکوکا کوریجس"، بگیردرێت.

بە وتەی سێنتکام، هاویشتنی ئەم مووشەکە ئێرانییە ناسەرکەوتوو بووە و لە نزیکترین خاڵی هاتوچۆدا، نزیک بە یەک کیلۆمتر لەگەڵ پەهپادەکەی ئامریکا مەودای هەبووە.

ڕاپۆرتەکەی سێنتکام و باس لە هێرشی مووشەکیی ڕیژیم بۆ سەر پەهپادەکەی ئامریکا لە حاڵێکدایە کە پاش تاوانبارکردنی ڕێژیم بە هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکانی دەریای عومان، هێشتا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان بەم کردەوەیەدا نەناوە و ئەم ڕووداوەیان بە ڕووداوێکی جێی گومان ناو بردووە.