کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هەوڵی خەوشدارکردنی ناوی پێشمەرگەدایە

12:30 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزە چڵکاوخۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە ناوی پێشمەرگەوە پارە لە خەڵک وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە هەندێک چەکداری نەناسراو، کە سەروچاوی خۆیان داپۆشیوە، بە ناوی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، داوای یارمەتی لە هەوارنشینەکانی ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد و پیرانشار دەکەن و دەیانهەوێت ناوی پێشمەرگە خەوشدار بکەن.

ئەم کەسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە نییە و سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن، کە بە خەیاڵی خۆیان دەتوانن، ناوی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێگای ئەم کارە نەشیاو و دزێوانەوە لە دڵی خەڵکی کوردستان خەوشدار بکەن و لە خۆشەویستیی پێشمەرگە کەم بکەنەوە.