کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە پێشگرتنی "کۆرۆنا"دا تووشی قەیران بووە

17:47 - 6 خەرمانان 2721

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە لە ماوەی یەک شەو ڕۆژدا ٥٧١ کەس بەهۆی "کۆرۆنا" گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس تووشی "کۆرۆنا" بوونە و لەو ڕێژەیەش نزیک بە ٥ هەزار کەس خەوێندراون.

بەپێی ئاماری گشتیی ڕێژیم هەتا ئێستا ١٠٥ هەزار و ٢٨٧ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیک بە ٤ ملیۆن و ٨٧٠ کەس تووشی "کۆرۆنا" بوونە.

هەر لەو پێوەندییەوە "فەریبا وەیسی" سەرۆکی نەخۆشخانەی "محەممەد کرماشانی" ڕایگەیاندووە: "تەنیا لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا نزیک بە ٤ هەزار منداڵ و کۆرپە به گومانی تووشبوون بە "کۆرۆنا" سەردانی ئەو نەخۆشخانەیان کردووە".

"وەیسی" وتوویەتی ئەو ئامارە جێی نیگەرانییە و جەختی کردووتەوە کە دڵنیام ئامارەکە لەو ڕێژەیە زۆر زیاترە.

 هەروەها زۆربەی منداڵانی خەوێندراو تەمەنیان لەنێوان "٣ هەتا ٨" ساڵی دایە.

لە سەرەتای گشتگیریی "کۆرۆنا" لە ئێران و کوردستاندا "خامنەیی" پێشگیری لە هاوردەکردنی واکسەنی "کۆرۆنا"ی دەرەوە کرد و لە ئێستاشدا کە دۆخی "کۆرۆنا" زۆر قەیرانییە کاربەدەستانی ڕێژیم پاساو بۆ "خامنەیی" دێنەوە.