کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە چەواشەکردنی ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا بەردەوامە

12:43 - 10 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران جگە لە چەواشەکردنی ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا، تەنانەت ئاماری پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکان کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، چەواشە دەکات.

لە حاڵێکدا کە لە ئێران و کوردستان زیاتر لە ١٠٠ پزیشک و پەرستار و کادری دەرمانی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی کە بێکیفایەتییەکان و نەبوونی پێداویستی لە نەخۆشخانەکاندا پەردەپۆش بکات، ئامارەکانیان چەواشە دەکات.

"کیانووش جەهانپوور"، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ئاماری ئەو پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، ٦٣ کەس ڕاگەیاندووە.

لە بەرانبەردا "نەسروڵڵا فەتحیان"، بەرپرسی هاوئاهەنگیی نێوان دەزگایی لە ستادی بەڕێوبەریی کۆرۆنای ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٠٠ پزیشک و پەرستار و کادری دەرمانی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

پاسداری تێرۆریست، "ئەبولفەزل شکارچی"، وتەبێژی ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئێمە لە کۆرۆنا زیانێکی وامان بەرنەکەوتووە، ڕێژەیەکی کەم لە هێزە خانەنشینەکانمان و ڕێژەیەکی کەمیش لە هێزەکانی کادریی ئێمە گیانیان لەدەست دا کە جێی سەرنج نییە، ٤ کەسیش لە پزیشک و پەرستارەکان بەهۆی کۆرۆناوە مردن کە عەدەدێک نییە".

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر لەنێو هیزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە هێزەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و مردوون.

لە کاتێکدا کە پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست دەدەن، بەرپرسانی ڕێژیم بە سووکییەوە باسی لێوە دەکەن و ئەو ڕێژەیە لە قوربانییانی کادری دەرمانی بە هیچ دەزانن.