کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ڕووی ناچارییەوە بەرپرسیاریەتیی بەشێک لە کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری وەئەستۆ گرت

18:22 - 7 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەرێکی خەڵک لە مجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە هێزی ئینتزامی بەرپرسیاریەتیی بەشێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری وەئەستۆ گرت.

''جەلال میرزایی''، بەناو نوێنەری خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە، ٧ی بەفرانبار، وتوویەتی، هێزی ئینتزامی بەرپرسیاریەتیی بەشێک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری لەئەستۆ گرتووە. ناوبراو داوای کردووە کە پۆلیس ڕاپۆرتێکی ڕوون لە ژمارەی کوژراوان و چۆنیەتیی کوشتنیان بخاتە ڕوو.

ئەمە یەکەم جارە کە دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیم،  ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕێژەی کوژراوانی ٣٠٤ کەس و هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ١٥٠٠ کەس ڕاگەیاندبوو. هێزی بەناو ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران بەرپرسیاریەتیی بەشێک لە کوژراوان وەئەستۆ گرتووە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم، سەرەڕای ڕەخنە لە بەڕێوەبەریی پڕتێچوو لە ئێران، داوای لە دادستانی گشتیی ڕێژیم، فەرماندەی هێزی ئینتزامی و بەرپرسانی ئەمنییەتی کردووە کە بێنە مەجلیس و بۆ نوێنەران شی بکەنەوە کە چی ڕووی داوە.

قسەکانی ناوبراو لە کاتێکدا باس دەکریت کە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی کوژراوانی نزیکەی ١٥٠٠ کەس ڕاگەیاندبوو. ڕاپۆرتێک کە چەندین کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی و بنەماڵەی کوژراوان، زۆربەی کوژراوان بە تەقەی ڕاستەو خۆ، سەر و دڵیان پێکراوە.

''جەلال میرزایی'' ئیدعای ئەوەشی کردووە کە خەڵک بە دوای ئامار و ژمارەی کوژراوانەوە نین، بەڵکوو ژمارەیەک لە نوخبەکان و چالاکانی سیاسی خوازیاری ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتەن.

هێزە بەناو ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، دوای ئەوەی کە خامنەیی ناڕازییانی بە "ئاژاوەگێڕ" ناو برد، بە دڕندانەترین شێوە خۆپیشاندانەکانیان سەرکوت کرد و هەزاران کەسیان لە خەڵکی ناڕازی کوشت.

هێزە سەرکوتکەرەکان نەتەنیا لە ڕاگەیاندنی ئاماری کوژراوان و دەسبەسەرکراوان خۆ دەبوێرن بەڵکوو پێش بە ڕێوەڕەسمی چلەی ئەو کوژراونەش دەگرن.