کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کاتی تەنگانەدا زمانی نەرم و نیانی بەکار دێنێت

13:06 - 24 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران ئێستا کە خۆی لە تەنگوچەڵەمەدا دەبینێتەوە، لە هەمبەر نەتەوەکانی ئێراندا، زمانی نەرم و نیان بەکار دەهێنێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، "حەسەن ڕۆحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی ئەهلی سونەت، وتی: "برایانی ئەهلی سونەت، سنوورپارێزانی ڕاستەقینەی وڵاتن".

هەموو ئەم قسانە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران هیچ بڕوایەکی بەم شتانە نییە و تەنیا لە کاتی تەنگانەدا، ئەهلی سونەت و کورد، بە برا ناو دەبات.

ڕۆحانی لەم دیدارەدا باسی لەوە کردووە، کە شێعە و سونی و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، پێکەوە کاروباری ئێران بەڕێوە دەبەن. بەڵام ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ ئەهلی سونەتێک و هیچ کوردێک لە ڕێژیمدا پۆستی باڵای سیاسی پێ نادرێت و هاوکات لە کوردستاندا کەسانی ناخۆجێی دادەمەزرێنن.

هەروەها لە ناوچەکانی کوردستاندا، بەرپرسیاریەتییە گرنگەکان بە هیچ کوردێک ناسپێرن و لە بەشەکانی دیکەی ئێران بەرپرسی بۆ هەڵدەبژێرن.

ڕۆحانی لە کاتێکدا باسی برایەتی دەکات، کە ئەهلی سونەت و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، لە لایەن ڕێژیمەوە دەچەوسێنەوە و مافە نەتەوەیییەکانیان پێشێل دەکرێت.

ئەم قسانەی سەرکۆماری ڕێژیم سەبارەت بە ئەهلی سونەت و نەتەوەکانی نێو ئێران، پیشاندەری چەواشەکاری و فێڵبازیی ڕێژیمە و بەڵگەکان ڕوونە کە لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا، هیچ بایەخێک بە فرەچەشنی لە ئێراندا نەدراوە و ڕێژیمێکی سانترالیزمی توندڕۆ دەستی بەسەر ئێراندا گرتووە.