کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستان بە تەرخانکردنی پارە، دەیەوێت پەرە بە ئیدئۆلۆژی خۆی بدات

12:35 - 26 بانەمەڕ 2722

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سنە بڕی حەوت میلیارد تمەن پارەی بۆ پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی خۆی لەو پارێزگا تەرخان کرد.

"عەلی‌ئەسغەر دەریایی" بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە چەواشەکارییەکدا وتوویەتی: "ئەو بڕە پارەیەمان بە مەبەستی یارمەتیی دامەزراوە قورئانی و مزگەوتەکان لە ناوچە پەراوێزنشینەکانی ئەو پارێزگایە تەرخان کردووە"، لە حاڵێکدا تەنیا مەبەستی ڕێژیم لەم کارە پەرەپێدان و سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم بەسەر خەڵکدایە.

ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژی و چەوسانەوەی زیاتری خەڵک بە تایبەت لە ناوچە پەراوێزنشینەکاندا لە ڕێگای جۆراوجۆری وەک بەڕێوەبردنی پۆلەکانی "حیجاب، ژیانی ئیسلامی، فێرکاریی ئایینی، یادکردنەوەی کوژراوانی ڕێگای ئایین و نمایشکردنی ئاسەوارە ئایینییەکان" و دەیان شێوازی دیکە کەڵک وەردەگرێت.

تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە لە حاڵێکدایە کە توێژی کرێکار و کەمداهاتی ئێران بۆ دابنیکردنی بژێویی ژیانیان وەزاڵە هاتوون و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتی دەرببڕن.