کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستان هەوڵ بۆ شێواندنی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی بنەماڵەی شەهیدەکان دەدات

18:02 - 1 بانەمەڕ 2722

لە ساڵانی پێشوودا سپای تێرۆریستی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی سەر بەو ڕێژیمە بۆ تێکدانی باری ڕۆحی و ڕەوانیی ئەو بنەماڵانەی کە زیندانی سیاسی یان شەهیدیان هەیە، پیلانی تایبەتی دادەڕشت.

ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی ئەو بنەماڵانەدا کەسی سەر بە خۆیان بە جلی شەخسییەوە دەناردە ناو خەڵک بۆ ئەوەی کەشێک بخولقێنن کە کەس نەوێرێت خۆی گەرموگوڕ نیشان بدات یان ئەو کەسانەیان دەخستە ژێر چاوەدێری کە بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان نیشان دەدا.

ڕێژیم نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی لەو بارەوە بپێکێت هەر بۆیە لە ئێستادا پیلانەکەیان گۆڕیوە و لە پرسە و سەرەخۆشیی بنەماڵە شەهیدەکاندا بە تایبەت لە شاری سەقز هەندێک کەسی سەلەفی کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە مەئموور کراون، دەچنە ناو خەڵک و هەوڵی شێواندنی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکان دەدەن.

ئەو کەسانە لە پرسەکاندا لە کاتی فاتیحا و دوعاخوێندنی خەڵکدا دەست دەکەن بە قورئان خوێندن بە دەنگی بەرز و هەوڵ دەدەن پشێوی دروست بکەن و نەزمی شوێنەکە تێک بدەن و ئەگەر خاوەنماڵ دەنگی کرد لە بەرامبەر خاوەنماڵدا ڕادەوەستنەوە و تۆمەتی دژایەتی قورئان و ئادابی ئیسلامی دەدەنە پاڵ خاوەنماڵ.

ڕێژیم لەبابەت تێکدانی پرسە و سەرەخۆشیی بنەماڵەی زیندانییە سیاسی یان شەهیدەکان هەر جارەی لە پیلانێکی تایبەت بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تێکدانی باری ڕۆحی و ڕەوانیی بنەماڵەکان و بە گشتی  خەڵک کەڵک وەردەگرێت.