کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستان و ئێراندا ئامادەباشیی ڕاگەیاندووە

11:23 - 25 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی گرانیی بەنزین ئامادەباشن و هێزەکانی ڕێژیم لە شەقامەکاندا جێگیر بوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای ئەوەیکە بەنزین گران بوو، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا ئامادەباشیی ڕاگەیاند.

لە شارەکانی کوردستان پێش ئەوەیکە نرخی بەنزین ڕاگەیەندرێت، کاربەدەستانی نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران، باکی بەنزینی ماشینەکانی خۆیان پڕ کردبوو و لە شەقامەکاندا جێگیر ببوون.

هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج، هێزی ئینتزامی و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

لە زۆربەی شارەکاندا ‌هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە مەیدانە ئەسڵییەکانی شاردا جێگیر بوونە.

لە شارەکانی سنە، کامیاران، گەیەڵان غەرب، خوڕەم ئاباد، شاباد، ورمێ، سەقز و مەریوان و چەندین شاری دیکە خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەشێکی زۆر لە خەڵک ماشینەکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گرانبوونی بەنزین لە شەقامەکاندا کوژاندووەتەوە.

خۆپیشاندەران لە شاری شاباد سەر بە شاری کرماشان، دروشمی "مەرگ بەر ڕووحانیـ"ـیان وتووەتەوە.

لە دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران نرخی بەنزینی بەرز کردەوە، خەڵک لە زۆربەی شارەکاندا ناڕەزایەتییان دەربڕی و خۆپیشاندانەکان درێژەی هەیە.