کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە کوردستان پەرە بە قەیرانی بێکاری دەدات

12:44 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە شارەکانی کوردستاندا زیاتر پەرە بە قەیرانی بێکاری دەدات و ئەمەش ناڕەزایەتی و تووڕەییی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە کوردستاندا لە هیچ تاڵان، کاولکاریی، دزی، گەندڵی و ... سڵ ناکات، بەرپرسیانی ئەو ڕێژیمە لە شارەکانی کوردستاندا جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێکیان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار نەداوە، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دووکانی هاووڵاتییان دادەخن و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ڕێژەی قەیرانی بێکاری دەدەن، کە بەم هۆکارەشەوە ڕێژەی ئاماری هەژاری و دیاردەگەلێکی تر لە کوردستاندا زیاتر دەبێت، ئەو کردەوە نابەرپرسایەتییەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کوردستاندا، ناڕەزایەتی و تووڕەییی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

لەم بارەوە، بەرپرسی یەکیەتیی بەرگدوورانیی پیاوانەی کرماشان، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە دووکانەکانی فرۆشتنی جلوبەرگی پیاوانەلە بەرەبەرەی داخستندان، ڕایگەیاندووە: ناوەندە حکوومەتییەکان، بانکەکان و سەرجەم دامودەزگاکانی کرماشان، جلوبەرگ و کۆتوشەرواڵەکانیان دەبەن بۆ تاران و هەمەدان و شارە دوورەکانی تر بە و دوورینیان دەدەن، بەڵام نایدەن بە بەرگدوورییەکانی کرماشان و بەم بۆنەوە خاوەن دووکانە بەرگدوورییە نێوخۆیییەکانی کرماشان بێکارن.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەرییە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە: ڕێژیم بیانووی جۆراوجۆر بە کاسبکاران و دووکانداران دەگرێت و دامودەزگاکانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە کەسانی ناخۆجێی دادەمەزرێنن، زۆربەی کەلوپەل و ‌پێداویستییەکانیان لە دەرەوەی پارێزگای کرماشان بۆ شاری کرماشان و شارەکانی تری دەروبەری دێنن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری بێکاربوونی لاوان و خەڵکی ئەو پارێزگایە و چووەنەسەرەوەی ئاماری بێکاری، بەم هۆکارەشەوە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک و بەتایبەت چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

ڕێژەی بێکاری، هەژاری و دیاردەکانی تر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە پلەیەکی بەرزدان و بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی، لە جیاتی هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی ئەو قەیران و دیاردانە، نەک تەنیا هیچ بایەخێکیان پێ نادەن، بەڵکوو خۆیان بوونەتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی دیاردە و قەیرانگەلێکی تر.