کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لەبەرامبەر ڕووشی بە ئاڵا نەخشێندراو دۆش داما

16:31 - 29 رەشەمه 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە لاوانی دەروەست و نیشتمانپەروەری کوردستان لە سەقزی ١١ ئەستێرە و لە لوتکەی شاخی بەهەیبەتی ڕووش و سەرباری زاڵبوونی کەشی پۆلیسی بەسەر ناوچەکە، ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستانیان هەڵکرد و گۆڤەندی هاتنی نەورۆزی ٢٧٢١یان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری کوردستان‌میدیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە پاش ئەوەیکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پۆلێک لە لاوانی نیشتمانپەروەری کوردستان بە هاوکاری چەند گرووپێکی شاخەوانی و ئەنجوومەنی خەڵکیی لە شاری سەقز ئاگادارییەکیان بڵاو کردەوە کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمە لە شاخی ڕووش کۆ دەبنەوە و پێشوازی لە هاتنی نەورۆزی کوردەواری دەکەن، خەڵکێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ئەم شارە بڕیاریان دا کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە ببن بەڵام ڕێژیم هەروەک چاوەڕوان دەکرا بەهۆی ترسی لە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی خەڵکی، لە دەمەوبەیانی زووەوە هەموو ڕێگاکانی گەیشتن بە "ڕووش"ی، لەوانە پردی قەوخ، ڕێگای ھێجانان،خەییەر و قشڵاخ بەڕووی خەڵک داخست و هەوڵی ڕێگری کردن لە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمەی دا.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە سەرەڕای هەبوون و زاڵبوونی کەشی سەربازی لە ناوچەکە لاوانی خۆنەویست و مافویست لەسەر بڕیاری خۆیان سوور بوون و بێ گوێدان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم و چڵکاوخۆرەکانی، خۆیان گەیاندە لوتکەی ڕووش و لەوێ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و کۆبوونەوە و بەستنی گۆڤەندی نەورۆزی دڵی دایکی نیشتمانیان شاد کرد و لمبۆزی دوژمنیان لە خاک وەر دا.

شاخی ڕووش شوێنی چەندین حەماسەی مێژوویی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە ڕێژیم تێیدا ئەزموونی تاڵی هەیە.