کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لەهەمبەر کۆنفرانسی وەرشۆ دژکردەوەی نیشان دا

12:52 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی مەجلیسی ڕێژیم لەهەمبەر کۆنفڕانسی وەرشۆ دژکردەوەی نیشان دا و ئەم کۆنفڕانسەی وەک "دەسپێکی فیتنەیەکی نوێ" ناوزەد کرد.

بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندان کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی مەجلیسی ڕێژیم دانیشتنێک ئەنجام بدات لە پێوەندی لەگەڵ کۆنفڕانسی وەرشۆ کە لە ٢٤ و ٢٥ی مانگی ڕێبەندان لە لەهێستان بەڕێوە دەچێ.

هەواڵدەریی حکومەتی مێهر وێڕای ئاشکراکردنی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: حیشمەتوڵا فەلاحەت‌پیشە سەرۆکی ئەم کۆمیسیۆنە وتوویەتی: "ئێمە پێمان وایە کە دانیشتنی لەهێستان پیلانێکی جیددییە لەدژی ئێمە و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلانەش دانیشتنێک بە بەشداری هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ئیتلاعات و هەندێک لە دەزگا ئەمنیەتی و دفاعییەکان کە بریتین لە ئەرتەش و سپا بەڕێوە دەبەین".

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند کەسێکی دیکەی سەر بە ڕێژیمیش هەڵوێستی هاوشێوەیان گرتە بەر؛ عەبدولڕەزا فەرەجی‌زادە باڵوێزی پێشووی ڕێژیم لە مەجارستان و نۆروێژ وتبووی ئامانجی ئامریکا لەم کۆنفڕانسە چوونەدەری لە پەراوێزخراوییە، هەروەها فەرەیدوون مەجلیسی بەناودیپلۆماتی پێشووی ڕێژیم پێی وایە ئامریکا دەیهەوێ بەرەیەکی جیهانی بەدژی تاران وەڕێ بخات و تێچووەکانی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دابەش بکات. لەلایەکی دیکەشەوە حەسەن خومەینی وتوویەتی ئەم کۆنفڕانسە سەر ناگرێت و شکست دەخوات!

کۆنفڕانسی ئەمنیەتی وەرشۆ ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە لەهێستان بەڕێوە دەچێ کە تێیدا چوار رەهەندی سەرەکی دێنە بەرباس: قەیرانەکانی ناوچە و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی مەدەنی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەرهەمهێنان و پەرەدان بە سەنعەتی مووشەک، ئەمنیەتی سایبێری و هەڕەشە نوێیەکان لە بیاڤی وزە و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ توندڕەوی و ڕاگواستنی نایاسایی پارە.