کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لەگەڵ "ڕۆن" به زۆرەملێ کاڵای دیکەش دەفرۆشێت

10:52 - 5 رەشەمه 2720

لە پارێزگای "کرماشان" خەڵک بۆ کڕینی ڕۆنی خۆراکی ناچارن کاڵایەکی دیکەشی لەگەڵ بکڕن کە بە ویستی خۆیان نییە.

ماوەی دوو حەوتوو لەمەوبەر نرخی یەک لیتر و نیو ڕۆن ١٦ هەزار تمەن بوو؛ ئێستا دەبێ ئەو یەک لیتر و نیوە بە ٢٢ هەزار تمەن بکڕن و لەگەڵی کاڵایەکی دیکەش وەک "کراکێری کاکائوویی" بکڕن کە نرخەکەی دەبێتە ٢٩ هەزار تمەن.

فرۆشتنی زۆرملێی کاڵا بە خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە ڕێگایەکی دیکەیه بۆ گرانفرۆشی و خواردنی پارەی خەڵک. لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم نرخی کاڵاکان لەسەر کەلوپەلەکان نانووسێت کە ئەوەش ڕێگایەکی دیکەیە بۆ گرانفرۆشی لە بازاڕدا.

کێشەی کەمیی ڕۆن لە بازاڕەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی دوو بەرابەریی نرخەکەی، بنەماڵە کەمداهاتەکانی زیاتر نیگەران کردووە. خەڵک لەو دۆخەی ئێستادا کە کۆرۆنا هەموو ئێرانی تەنیوە، ناچارن بۆ بەدەستهێنانی ڕۆنێکی هەرزانتر چەندین کاتژمێر لە سەفدا ڕاوەستن.

لە دۆخی ئێستای ئێراندا کە بنەماڵە کەمداهاتەکان توانای دابینکردنی لانیکەمیی بژێویی ژیانیان نییە، گرووپە مافیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەستیان بەسەر تەواوی جومگەکانی بازاڕدا گرتووە و لەم دۆخە کەڵکاژۆ وەردەگرن.