کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم مڵک و ماڵی خەڵک لە نەغەدە داگیر دەکات

12:17 - 5 خاکەلێوه 2720

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە ڕێگای بەکرێگیراوانیەوە لە شار و گوندەکانی کوردستان، هەوڵی دەست بەسەرداگرتن و داگیرکردنی مڵک و ماڵ و زەویی خەڵک دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، بەکرێگیراوێکی ڕێژیم لەسەر بڕیار و بەرنامەی سپای تێرۆریستی پاسداران و پشتگیریی ڕێژیم، هەوڵی داگیرکردنی زەوی و مڵک و ماڵی خەڵک لە گوندی "خەلیفەلیانـ"ـی سەر بە نەغەدەی لە پارێزگای ورمێ داوە.

هەوڵ و تەقالاکانی ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیم لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوندە بەرەوڕوو بووەتەوە.

پێشتریش ڕووبەرێکی زۆر لە خاکی ئەو گوندە لەلایەن ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیمەوە بە پشتگیریی سپای تێرۆریستی پاسداران داگیر کراوە کە خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام سکاڵاکانیان بێ وڵام ماوەتەوە.

خەڵکی ئەو گوندە باسیان لەوە کردووە کە ئەو داگیرکارییە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕووبەری ئەو گوندە و ڕاونانی خاوەن مڵکەکان ئەنجام دەدرێت.

هەروەها باس لەوە کراوە کە بەشێک لە زەوییەکانیان بڕگە بڕگە کردووەتەوە و وەک زەویی کشتوکاڵی داویانە بەو بەکرێگیراوانە و بەتەمان ڕووبەرێکی زیاتر داگیر بکەن.

ئەو بەکرێگیراوانە کە چەکی ڕێژیمیان پێیە، بە هەڕەشەکردن دەیانهەوێت خەڵک بترسێنن و تەنانەت کێشە و گرفتەکانی خەڵکی گوندەکە و ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیم  گەیشتووەتە ئاستێک کە چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕووی داوە.

لەلایەکی دیکەوە لە مەریوان کۆمەڵێک خەڵکی پاوانخواز و زۆربەی کاتیش سەر بە ڕێژیم، لەم بارودۆخەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەڵکاژۆیان وەرگرتووە و دوور لە چاوی ژینگەپارێزان دەستیان کردووە بە بڕین و سووتاندن و لەنێوبردنی دارەکانی گوندی "شاسوار" سەر بە ناوچەی "سەرشیو".

ڕێژیم بە هەموو هێز و توانایەوە و لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵی داگیرکردن و لەنێوبردنی خاک و سروشتی کوردستان دەدات و لە هەوڵە نگریسەکانی بەردەوامە.