کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ناتوانێت بازاڕی دۆلار کونتڕۆڵ بکات

22:53 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بازاڕی ئەرزیان بۆ کەڵکئاژۆ وەرگرتن تێکدا و ئێستاش بۆیان کونتڕۆڵ ناکرێت.

نرخی دۆلار لە بازاڕی ئەرزی ئێران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەتا زیاتر لە ٧٣٠٠ تمەن بەرز بووەوە، یەک مانگیشە کە لە گەڵاڵەی کونتڕۆڵکردنی بازاڕی ئەرز تێپەڕ دەبێت و هێزەکانی پولیسی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە دەڵاڵەکان هەر لە نێو بازاڕدان و دەوڵەتیش کڕین و فرۆشتنی دۆلاری سنووردار کرد، بەڵام ئاڵۆزی بازاڕی ئەرز هەر بەردەوامە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم، گرانبوونی دۆلاری ڕەت کردووە، لە حاڵێکدا کە دۆلار سنووری ٧٠٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە و باسی لەوە کردووە، کە باوەڕ بەو هەواڵانە ناکات و دەوڵەت جەختی لەسەر نرخی ٤٢٠٠ تمەنە.

محەممەدڕەزا پوورئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاندووە، کە گەڵاڵەیەکی (زۆر بەپەلە) بۆ سەقامگیریی بازاڕی ئەرز بە مەجلیس دەدرێت.

پێشتر لە زستانی ساڵی ڕابردوودا، کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بانکی ناوەندی و وەزیری ئابووری، لیژنەیەکیان پێک هێنابوو بۆ چاوەدێری کردنی بازاڕی ئەرز و بڵاوکردنەوەی لە لایەن بانکی ناوەندیدا، بەڵام هەتا ئێستە ئەو لێژنەیە هیچ ڕاپۆرتێکی بڵاو نەکردووەتەوە.

هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران، لە ئاڵۆزی بازاڕی ئەرز، قازانجیان دەکەن و دەستی ڕاستەوخۆیان هەیە لە هەڵکشان و داکشانی نرخی دۆلار و دەوڵەت و بانکی ناوەندی، هەر گەڵاڵەیەک پیشنیار یان کردەیی دەکەن، لەسەر کونتڕۆڵی نرخی دۆلار کارایی نییە.