کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ناتوانێت بودجە دابین بکات

10:35 - 17 رێبەندان 2719

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کە ناتوانن بوجەدی ٨٠٠ هەزار میلیارد تمەنی دابین بکەن.

بەهۆی دابیننەکردنی ئەو بودجەیە ٨٧ هەزار پرۆژە بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

"بابەک دین‌پەرەست"، جێگری هاوئاهەنگیی کاروباری ئابووریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ٨٧ هەزار پرۆژه لە ئێراندا بە نیوەچڵی ماونەتەوە کە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە پێویستیمان بە ٨٠٠ هەزار میلیارد تمەن هەیه.

ناوبراو وتوویەتی، ئەو پارەیە بە هیچ شێوەیەک دابین ناکرێت.

لەمبارەیەوە "محەممەد باقر نەوبەخت"، سەرۆکی ڕێکخراوی بودجە و بەرنامەی ڕێژیمی ئێران، سەرەتای وەرزی پاییز باسی لەوە کرد، ٨٦ هەزار پرۆژە لە ئێراندا بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

جێگری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتبووی، سەرچاوەکانی ئێمە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان زۆر کەمە و بۆیە ئێمە بەپێی پێویست پرۆژەکان تەواو دەکەین.

نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیس دەڵێن، ئاماری پرۆژەەکانی ناتەواو لە ئێراندا زیاتر لەو ئامارەیە کە باس دەکرێت.

بەپێی قسەی نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران، ٦٠٠ هەزار پرۆژەی ناتەواو لە وڵاتدا هەیە کە پێویستیان بە میلیاردها تمەن بودجە هەیە.

بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران نزیک به ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەسریی هەیە. ڕێژیم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بودجەیە بڕیاری داوە ماڵیات لە خەڵک وەربگرێت.

لە بودجەدا باس لە ماڵیات کراوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوە کراوە کە پیشە بدەینە دەستی کەرتی تایبەت، بەڵام ئەوەش ئیدعایە چونکە سپا دەستی بەسەر ئابووریی ئێراندا گرتووە.

بودجەی ساڵی ٩٨ تەنیا کۆمەڵێک بەڵگەی نووسراوەیە کە لە بنەڕەتدا هیچ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێران یەک ناگرێتەوە و تەنیا دروشمە.