کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هێزێکی زۆری بۆ ئازاری کۆڵبەران هێناوەتە ناوچەی هەورامان

11:01 - 10 بەفرانبار 2720

ڕێژیمی ئێران بەردەوام و لە ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەی فیزیکییەوە هەوڵ بۆ ترساندن، بریندارکردن و کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوورە دەسکردەکان دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە گوندی "دەرەکێ" ڕێژیم لە نوێترین هەوڵەکانی بۆ زەخت خستنە سەر کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوورەکان لە شارە سنوورییەکانی پارێزگای سنە، ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبارهێزێکی پۆشتە و پەرداختەی بردووەتە ناوچەی هەورامان.

ئەو هێزە کە زیاتر لە ٧٠ کەس بوونە، دەستیان کردووە بە ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەران و هەتا ئێستا نزیکەی ٣٠ کەس لە کۆڵبەرانیان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها هێزەکانی ڕێژیم بە مەبەستی ئاگردانی شوێنی حەسانەوەی کاسبکاران و کۆڵبەران نەوتیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هێزەکانی ڕێژیم لە ئێستادا لە شوێنێک بەناوی "گەناو" جێگیر بوونە.