کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هێزەکانی خۆی لە مزگەوتی گوندی "نێ" جێگر کردووە

13:08 - 4 خاکەلێوه 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لە ڕۆژی ٢٨ مانگی "ڕەشەمە"وە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بە مەبەستی پێشگرتن بە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە مزگەوتی ئەو گوندە جێگر کراون.

مانەوەی هێزەکانی ڕێژیم بە لاقی پیس و پۆتینەوە لە مزگەوتدا لە کاتێکدا بووە کە پێشنوێژ و پیاوانی ڕدێن سپیی "نێ" داوایان لێ کردبوون نەچنە ئەو شوێنانە.

خەڵکی ئەو گوندە باس لەوە دەکەن ئەو کاتەی مەیدانی سەرەکیی ئەو گوندە بە هێزی پۆشتە و پەرداختەی "کرماشان" تەنرابوو لاوانی "نێ" لە هەموو کۆڵانەکانەوە ئەو هێزانەی ڕێژیمیان بەردباران کرد و نارنجەکی دەنگیان پێدادەدان.

ڕێژیم لە بەرامبەر ئەو هەوڵە شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا هێزی زیاتری خزاندووەتە "نێ" و تەقەیان لە خەڵک کردووە. لە ئاکامدا چەند کەسیان بریندار کردوون.

هەروەها  ڕێژیم بۆ درێژەی بانگهێشت و دەسبەسەرکردن بە دڕۆن فیلمیان لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان سپا و خەڵک هەڵگرتووەتەوە.

خەڵکی "نێ" باس لەوە دەکەن دەرجەدارێکی ڕێژیم بە ناوی "عەبدوڵڵاهی" لە مۆڵگەی حیفازەته زۆرترین ڕۆڵی لەو سەرکوتەدا گێڕاوە.

کاتژمێر ٩ی شەو لاوەکانی "نێ" هەڵیانکوتاوەتە سەر ماشینێک کە پێشتر تەقەی لە خەڵک کردووە و پاشان هێزی دژە شۆڕش به تەقەکردن بڵاوەیان بەو لاوانە کردووە.

لەو شەڕەدا خەڵک سەرکەوتن و دووژمنیش تەنیا ڕووڕەشی بۆ ماوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا سەرەڕای بڕیارەکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەچوونی نەورۆزی حکوومەتی لە کوردستان، بەڵام  نەورۆزی خەڵکی بەو پەڕی شکۆمەندییەوە لەلایەن خەڵکی گوند و شارەکانی کوردستانەوە بەڕێوە چووە.

جامانە، هەوری و گوڵی سوور، لە ناوچەکانی "ئیلام و کرماشان و گەڕووش" سپای خوێنمژ و سێدارەی تووشی سەرسامبوون کردووە.

ژنانی کورد لەو ڕێوڕەسمەنەدا، بە مەدەنیترین شێواز زیاتر لە پیاوان ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕازاندنەوەی خۆیان و منداڵ وخەمڵاندنی نەورۆزدا گێڕاوە.