کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەوڵی سڕینەوەی مێژووی کوردستان دەدات

12:54 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە لەنێوبردن و تاڵانی ئاسەوارە مێژوویییەکان، مێژوو چەواشە دەکات.

بەپێی گرتە ڤیدئۆیەکی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جارێکی تر ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بە تەقاندنەوە و ڕووخاندنی ئاسەوارە مێژوویییەکان بە بیانووگەلێکی جیاواز، هەوڵی لەنێوبردنی مێژوو و چەواشەکردن و بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژوویییەکان دەدات.

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو هەوڵە نوێیەدا، کێوی مێژوویی "فەرهاد تاش"، کە دەکەوێتە ٣٥ کیلۆمەتریی شاری "قوروە" و نێوان سێ گوندی "وینسار، داشبڵاغ و ئاقبڵاغ" کە کانزایەکی کۆنی بەردە و ئەشکەوتێکیشی لێیە، بە تەقینەوە سیمای کێوەکەی تێک داوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە باسی لەوە کرد، ئەو کردەوە قێزەون و کاولکارانەیە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی " حەمیدڕەزا حاجی بابایی"، بەناو نوێنەری هەمەدان لە مەجلیسی ڕێژیمدا، جێبەجێ کراوە.

کێوی "فەرهاد تاش" یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویییەکانی ئەو ناوچەیەیە و خاوەن کانزایەکی کۆنی بەردە، کە لە ڕووی جۆر، قەبارە و تاشینی بەردەکانەوە خاوەن گرینگییەکی تایبەتە.

هەروەها لە لای ڕۆژهەڵاتی ئەم کێوەدا ئەشکەوتێک هەیە، کە یەکێک لە ڕۆژهەڵاتناسانی ئورووپایی بە ناوی "ئۆرێل ئستین"، لە کاتی لێکدانەوە و تاوتوێکردنی ئەو ناوچەیە ناوی ئەم ئەشکەوتەی بردووە.

هەندیک لە خەڵکی ئەو ناوچەیە، مێژووی ئەو کێوە و بەردە تاشراوەکانی دەگەڕێننەوە بۆ چیرۆکی شیرین و فەرهاد.

جۆری "حەجاری" و تاشینی بەردەکان و ئاسەوارە گڵینەکان و ئاسەوارە مێژویییەکانی ئەو ناوچەیە، بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە.

ڕێژیمی تۆتالیتێر و داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکان و مۆرەکانی خۆیەوە، هەوڵی ڕووخاندن، تاڵان، لەنێوبردن و چەواشەکردنی مێژوو و ئاسەوارە مێژوویییەکانی کوردستان و دەوروبەری و نەتەوەکانی دیکەش دەدات.