کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیای نێوان شارەکانی بۆکان، مەهاباد و میاندواو دەدات

11:21 - 12 بانەمەڕ 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نامەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە کە لەودا هاتبوو کە "مێهرداد کیانی" بەڕێوەبەری کا وباری مەجلیسی ڕێژیم داوای لە "زەهرا ئەحمەدی" بەڕێوەبەری ئیدارەی دابەشکاری وڵات کردبوو کە بەپیر داواکارییەکەی "مەهدی عیسازادە" سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم بچێت.

لەو نامەیەدا داوا کرابوو چەندین شارەدێ و هەروەها چەندین گوند لە مەهاباد، بۆکان و مەلیکان بخرێنە سەر میاندوئاو.

بەپێی ئەو نامەیە وا داڕێژراوە کە گوندی "قەرەگۆلـ"ـی بۆکان و سێ گوندی "بادام، قۆپی بابا عەلی و بەردەڕەشانـ"ـی مەهاباد و هەروەها چەندین گوندی شاری "مەلیکان" بخرێنە سەر شاری میاندواو.

بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی ئەو شارانەی لێکەوتووەتەوە.

لەو بارەوە "ئەمیر قادری" فەرمانداری ڕێژیم لە شاری مەهاباد وتوویەتی کە ئەو داوایە لە ئاستی نوێنەرایەتی شارەوە کراوە و هەتا نوێنەری شارێک ڕازی نەبێت، هیچ بڕیارێک لەسەر دابڕینی گوند و ناوچەی شارێک بە شارێکی دیکەوە نادرێت.

لە دەیەی شێستی هەتاویدا کۆمەڵێک لە گوندەکانی ناوچەی مەهاباد و دەوروبەری خرانە سەر میاندوئاو و ئێستاش خەریکە ئەو پرۆسەیە سەرلەنوێ  دووبارە دەکرێتەوە.

 ئەو بڕیارە لە حاڵێکدایە کە سەردەمێک میاندوئاو سەر بە مەهاباد بووە.