کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەڕەشە لە فەرمانبەرە کوردەکان دەکات

18:47 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دامودەزگاکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان هەڕەشە لە فەرمانبەرە کوردەکان دەکەن، ئەگەر بەشداریی خۆپیشاندانی ۱۳ی خەزەڵوەر نەکەن لە سەر کارەکانیان دەردەکرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا زۆربەی ناوەند و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بانگەوازی بەشداریی لە خۆپیشاندانی ۱۳ی خەزەڵوەریان ڕوو بە فەرمانبەرە کوردەکان بڵاو کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان لە سەر کارەکانیان دەردەکرێن.

ناوەندەکانی بەسیجی قوتابییان، بەسیجی ژنان، بەسیجی خوێندکاران، بەسیجی مامۆستایان، ناوەندە ئایینییەکانی سەر بە ڕێژیم، ناوەندە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیم و هەروەها ناوەندە نیزامییەکان، سەرجەم ئەو ناوەندانەن کە بانگەوازیان ڕوو بە فەرمانبەرە کوردەکان بە مەبەستی بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندانی ۱۳ی خەزەڵوەردا بڵاو کردووەتەوە، له ناوەرۆکی بانگەوازەکەدا هەڕەشە لە فەرمانبەرەکان کراوە کە لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان لە سەر کارەکانیان دەردەکرێن.

جیا لەو ناوەندانەش کە ئاماژەیان پێ کراوە، زۆربەی دامودەزگاکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان وەک فەرمانداری (قائێمقامی)، شارەوانی و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بانگەوازی بەشداریان بڵاو کردووەتەوە؛ جێگای ئاماژەیە کە ئیدارەی بارهێنان و پەروەردە جیا لەو بانگەوازە ئاگاداری تایبەتی بۆ سەرجەم قوتابخانەکان، خوێندگاکان، پەیمانگاکان و زانکۆکان هەناردووە کە دەبێت خوێندکاران و قوتابیان لە خۆپیشاندنی ۱۳ی خەزەڵوەردا بەشداری بکەن.