کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم و قەیرانی ئابووری، ئەرکی ئێمە لەم قۆناغەدا

12:33 - 18 گەلاوێژ 2720

سۆران چووپانی

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێیدا پەلەقاژەیەتی، هۆکارە سەرەکییەکەی پێکهاتەی سیاسی و سیستەمی کۆنەپەرستانە و دیکتاتۆریی ڕێژیمی ئیسلامییە.

زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئابووریی وڵاتی ئێران لەژێر دەستی مافیای سپای پاسداران و لق و پۆکانیەتی، دزی و گەندەڵی نیهادینەکراو لە ئۆرگانەکانی حاکمییەتدا و ئەو هەزینە زۆرانەی سیاسەتی زێدەخوازانە و دخاڵەتگەرانەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەیرانی ئابوورییە.

هەرچەند دووکەڵی قەیران و وەرشکستبوونی ئابووریی ڕێژیم، ڕاستەوخۆ چووەتە چاوی خەڵک و گەلانی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێرانەوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ژیانی خەڵک و سفرەی بەتاڵیانی خاڵیتر و بێ ڕەونەقتر لە ڕابردوو کردووە، بەڵام خودی ڕێژیمیش لە درێژەی حاکمییەت و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسەتەکانیدا بەرەوڕووی گەلێک کێشە و گرفتی جیددی بووەتەوە.

ڕێژیمێک کە ٤۲ ساڵ بە پشت بەستن بە سەرکوت و کوشتوبڕ خۆی بەسەر پێوە ڕاگرتووە و درێژە بە حاکمییەتی جینایەتکارانەی دەدات، دەزانێت کە لەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری ئێران ڕۆنیشتووە.

سەرانی ڕێژیم گەلێک نیگەرانی ئەوەن کە ئەگەر هەنگاوێک پاشەکشە لە بەرانبەر داخوازییەکانی جەماوەری خەڵکدا بکەن، بەرەوڕووی هێرشی هەمەلایەنەی ئەوان دەبنەوە و کۆنترۆڵی بارودۆخەکەیان لەدەست دەردەچێت و بناغەی حاکمییەت و مەشروعییەتیان تێکەوە دەپێچێت. بەڵام کێشە و گرفتەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە بەرین و قوڵترە کە بتوانێت بە ئەنجامدانی هێندێک پاشەکشە لە هەڵوێستی یان گۆڕینی چەند بەندێکی یاسای بنەڕەتیی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانییەکەی یان بەناو بەخشینی چەند هەزار کەس لە زیندانییانی ئاسایی یان دانی وام، ئەم جۆرە فێڵ و کەڵەکانە کە بە چاو ڕوونە، چارەسەر بکرێت.

لە وەها بارودۆخێکدا کە نە ڕێژیم ڕێگاچارەیەکی بۆ دەرچوون لە قەیرانێکی ئابووری و سیاسی کە بەرۆکی پێ گرتووە هەیە و نە جەماوەری خەڵکیش بە عام لە کۆمەڵگادا توانایی تەحەمولکردنی ئەو بارودۆخە فەلاکەتبارەیان هەیە کە ڕێژیمی ئیسلامی بۆیانی پێک هێناوه‌، تەنیا ڕێگاچارەی ڕیشەیی بەردەم خەڵکی هەژار و زۆڵم ‌لێکراوی ئێران، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەدەستی خۆیەتی.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم گوشار و قەیرانە زۆر بەربڵاوتر و بەرچاوترە ، خەڵکی هەژار و بێداهات ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری و ڕۆژانە لەسەر سنوورەکاندا هەموویان دەدەنە بەر فیشەک و دەیانکوژن و چالاکانی کورد بەرەوڕووی ئێعدام و حوکمی زیندانیی درێژخایەن  دەکەنەوە. سەرەڕای ئەو خەفەقان و ماڵوێرانییە بۆ خەڵکی بێتاوان و هەژار، هەموو شارە کوردنشینەکانی بە هێزە نیزامییەکانی بۆ چاوترساندنی خەڵک، کۆ کردووەتەوە و هەموو شوێنێکی میلیتاریزە کردووە و فەزایەکی ترس و تۆقانی بۆ خەڵک پێک هێناوە. هەروەها هەموو دەرگایەکی ڕووناکایی لە خەڵک بەستووە.

بۆیە پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە هەموو لایەنە سیاسییەکانیەوە لەم هەلومەرجە کەڵک وەربگرن و یەکڕیزی و یەکدەنگییان زۆرتر بکەن؛ ئەو یەکگرتوویی و یەکڕێزییەش کاتێک دێتە ئاراوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە داخوازییە نیشتمانییەکانیان بەهێزتر بێت.

بە خۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەستپێکردنی شێوە خەباتێکی مۆدێڕن لەژێر ناوی ڕاساندا کە یەکێک لە ئامانجەکانی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە کە لەمپەڕن لە بەردەم ئەو یەکگرتووییە و ئەو یەکڕێزی نیشتمانییە ئەو حەرەکەتە مۆدێڕنە بە ئامانجی لێک گرێدانی خەباتی شار و شاخ، خوازیاری ئەوەیە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ پرسی کورد دەرگیر بکات و مافە ڕەواکانی خۆیان پێ بناسێنێت.

لە بڕیارێکی بوێرانەدا شاخی کردووەتە پشتیوانی شار. هەر چەکێک بیر و باوەڕی لە پشت نەبێت لە کۆتاییدا تووشی گومڕایی و سەرلێشێواوی دەبێت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێویست دەزانێت ئەندامان و لایەنگرانی خۆی لە هەموو بوارەکان بەتایبەت سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی پێگەیەنێت و بناغەیەکی تۆکمە و قایم دابڕێژێت، هەم بۆ قۆناغی ڕزگاری ‌و هەم بۆ قۆناغی خزمەتگوزاری.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.