کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پارەی کۆکراوە بۆ مزگەوتەکان لە کوردستان دەدزێت

10:50 - 23 رێبەندان 2719

لە کاتی دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکانی کوردستان ڕێژیم هەوڵ دەدات بە بیانووی یارمەتیی ماڵی، بەشێک لە مزگەوتەکان بە ناوی سپای تیرۆریستی پاسداران تەواو بکات.

لە ساڵانی ڕابردوودا بینای زۆربەی مزگەوتەکانی شار و دێهاتەکانی کوردستان لە سەر تێچوو و شانی خەڵکی کوردستان دروست کراونەتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئاخوندی ئیدعای ئەوە دەکات یارمەتی بە خەڵک دەدات بەڵام هیچ یارمەتییەکی ماددی به خەڵک ناکات.

لە گوندی "قەبەغڵوو"ی شاری سەقز، سپای تێرۆریستیی پاسداران ویستوویەتی لە بەرانبەر ئەوەدا کە بەشێک لەو مزگەوتی ئەو گوندەیان بۆ بنکەی جاش و سیخوڕەکانیان پێبدەن؛ بڕە پارەیەک بۆ بینای مزگەوتە تازەکە بدەن.

 لە بەرانبەر ئەو داوکارییەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێراندا خەڵکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەری ئەو گوندە داواکەی کاربەدەستانی ڕێژیمیان ڕەت کردووەتەوە و خەڵکی گوند خۆیان و بە یارمەتی ماڵیی خەڵکی کوردستان مزگەوتەکەیان دروست کردوە .

ئیدارەی بە ناو "ئەوقاف"ـیش داوای کردبوو کە ئەگەر دووکانەکانی ئەو مزگەوتە تازە، تاپۆی ئەوقاف بکرێن ئەوان یارمەتی ماڵیان پێدەدەن، کە ئەو داوایەش هاوشێوەی داواکەی سپای تێرۆریست ڕەت کراوەتەوە.

سپای تێرۆریستی پاسداران بە مەبەستی چەند بەرەکی خستنە ناو خەڵک و دروستکردنی سیخوڕ هەوڵ دەدات بە بیانووی جۆراوجۆر خۆی بخزێنێتە ناو ڕیزەکانی خەڵکی کوردستان کە بە خۆشیەوە زۆربەی کاتەکان خەڵکی کوردستان ئەو پیلانەی ڕێژیمیان پوچەڵ کردووەتەوە .