کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پێش بە شایی خەڵک دەگرێت

16:29 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای کوشتن و دەسبەسەرکردنی خەڵک، ڕێگەی شایی و خۆشیش لە خەڵک دەبەستێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیم لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردنی خەڵک دەدات و لە نوێترین هەوڵیشیدا پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شایی خەڵک دەگرێت.

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم لە گوندی "سەرچنار"ی ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی شاری بۆکان، بە بیانووی کوژرانی پاسدارێکی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە، ئیزنیان بە خەڵک نەداوە تا زەماوەندەکەیان بەڕێوە بەرن.

لە هەمان کاتیشدا لە گوندێکی دیکەی ناوچەی چۆمی مەجیدخان بە ناوی "حاجی لەک" پێش بە بەڕێوەبردنی شایی و زەماوەندی خەڵک بە هەمان بیانووەوە گیرا.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی کلتووری زەماوەند لەنێو گەلی کورددا.

ڕێژیم تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی شاییەکانیشدا لە نێو شارەکاندا "ئەماکن" دەنێرنە نێو تالارەکانی شایی و هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی شایی خەڵک دەدەن.