کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ڕێگاکانی شاری "بۆکانـ"ـی میلیتاریزە کردووە

13:19 - 25 بانەمەڕ 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیم هێزێکی زۆری لەسەر ڕێگا و شوێنی پشکنین لە شاری "بۆکان" جێگیر کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی هێزێکی زۆری سپای تێرۆریستی پاسداران کە دموچاویان داپۆشرابوو، بە دەیان ماشینی جۆراوجۆر لە سێڕێیانی "نۆبار" کە لە ١٥ کیلۆمیتریی ئەو شارەیە تا ڕێگای "سەهۆڵان" نێوان "بۆکان- مەهاباد" جێگر کراون و خاڵی پشکنینیان داناوە.

هەروەها هێزێکی زۆری ڕێژیم لەسەر ڕێگای گوندەکانی "بورهان- نۆبار" دانراون.

هەروەتر بەپێی هەواڵەکانی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی خەڵک کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بەهۆی گرانییەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، هێزێکی زۆری خزاندووەتە شارەکانی کوردستان.