کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم کارەبا لە خەڵک دەپچڕێنێت و هەناردەی دەکات

11:24 - 13 رێبەندان 2720

لەحاڵێکدا کە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی ئێران کارەبا بۆ ماوەیەک دەپچڕێت، وەزارەتی وزەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە توانای هەناردەکردنی کارەبایان بۆ وڵاتانی دراوسێ هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەڕێوبەری شیرکەتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای گەرمایی، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان لە ڕێوڕەسمی بەرهەمهێنان لە یەکەیەکی نوێ لە وزەخانەی "شیروان" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران وتوویەتی؛ ئێستا توانایی هەناردەکردنی کارەبا بۆ وڵاتانی "ئەفغانستان، تورکیە، پاکستان و عێراقـ"ـمان هەیە.

ئەو قسانە لەحاڵێکدایە کە وزەخانەکانی کارەبای تاران، ئیسفەهان و چەند شاری دیکەی ئێران بە هۆکارگەلێک وەک کەمبوونی وزەی گازی سروشتی، مازووت بە کار دێنن و ئەمە بووەتە هۆی پیسیی بەرچاوی هەوا لە تاران و ئیسفەهاندا.

پاش ڕەخنەگرتن لە بەکارهێنانی مازووت کە بووە بە هۆکاری سەرهەڵدانی کۆمەڵێک نەخۆشی و کێشەی تەندروستی بۆ خەڵک، سەرۆکی ڕێکخراوی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاندووە کە هاووڵاتییان باشترە کە نەبوونی کارەبا بکێشن تا هەوای پیس.

نەبوونی کارەبا و بچڕانی لەڕادەبەدەری کارەبا کێشەی لە ڕێگاوبانەکاندا دروست کردووە و بووەتە هۆی چوونەسەرەوەی ڕووداوی هاتوچۆ و ڕوودانی تاوانی زیاتر.

ڕۆژنامەی "دونیای ئیقتساد" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە خامۆشییەکانی ئەم دواییانەی تاران و شارە گەورەکان تاوانی سیاسەتدانانی هەڵە لە شێوازی بەڕێوبەری و دابینکردنی وزەی ماڵەکان و وزەی پیشەییە کە چەندین هەڕەشەی گەورەی خستووەتە سەر ئەو ناوچانە.

لەحاڵێکدا کە ڕێژیم توانایی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرەی بۆ هەندێک لە شارەکانی لە ئێراندا نییە و جار بە جاریش هەواڵێک لە دەرهێنانی بیتکوین بڵاو دەبێتەوە، باس لە توانایی بۆ هەناردەکردنی کارەبا دەکات.