کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم کارەبا هەناردەی وڵاتی عێراق دەکات

13:37 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران، کارەبای شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەپچڕێنێت و ڕەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات.

وێڕای ئەوەی کە بەرپرسانی دەسنیشانکراوی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە بەرەبەری هاتنی وەرزی هاوین و سەرهەڵدانی گەرما و پێویستبوونی کارەبا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە، کە بە هۆکاری نەبوونی وزەی کارەبا و کەمیی کاراییی وزەخانەکان لە کوردستان و ئێراندا، لە شارەکانی ڕۆژهەڵات کارەبا جیرەبەندی دەکەن و ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کارەبا دەپچڕێنن، کە ئەمەش خەڵکی کوردستانی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفتی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

بەڵام بەرپرسانی باڵای ڕێژیم ڕایانگەیاندووە، کە لە ئێستادا وڵاتی ئێران ئامادەییی ئەوەی هەیە کە پێداویستیی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکات و بە جیددی خەریکی جێبەجێکردنی کاروباری ڕەوانەکردنی کارەبا بۆ وڵاتی عێراقن.

هەر لەم پەیوەندییەشدا، "بەهمەن مورادنیا"، پارێزگاری دەسنیشانکراوی ڕێژیم بۆ پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕۆژنامەی "اقتصاد ایران"، ئابووری ئێرانی ڕایگەیاندووە: لە کۆبوونەوەی هاوئاهەنگیی چالاکییەکانی کارەبای ناوچەکانی پارێزگای سنە، کە بە بەشداریی بەرپرسانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمپانیا ناوچەیییەکانی کارەبای ئەو پارێزگایە بەڕێوە چوو، باسمان لەسەر ڕەوانەکردنی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە.

لەم بارەوە، سەرەڕای ئەوەی کە شاری مەریوان، یەکێک لەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ڕێژیم کارەبای تێیدا جیرەبەندی کردووە و ڕۆژانە ۲ کاتژمێر کارەبای نابێت، پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوە کردووە لە شاری مەریوان هێڵێکی گەورەی ڕەوانەکردنی کارەبا دامەزراوە.