کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم کەشێکی ئەمنییەتیی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردووە

12:13 - 25 بانەمەڕ 2722

بەرپرسانی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە کوردستان کەشێکی ئەمنییەتیی بەسەر شارەکاندا زاڵ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە چەند شوێنی شارەکانی شنۆ و مەهاباد گاردی تایبەتی جێگیر کردووە و هەڵسوکەوتی شارۆمەندانی بە توندی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە شارەکانی سنە و جوانڕۆ هێزی تایبەت جێگیر کراون و کەشیکی ئەمنییەتی بەسەر ئەو دوو شارەشدا زاڵە.

جگە لە ئەمنییەتیکردنی شارەکان بە هێزە سەرکوتکەرەکان، چەند ڕۆژە هێڵی ئینتێرنێت لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بە تایبەت کوردستان بە گشتی پچڕاوە یان لاواز کراوە.

ماوەی چەند ڕۆژە هاووڵاتییان لە ئێران بە مەبەستی ناڕەزایەتی سەبارەت بە گرانبوونی شتومک و پێداویستییەکانی ژیان ڕژاونەتە سەر شەقام کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە گولـلە وڵامیان دراوەتەوە.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم نیشاندەری ئەوپەڕی ترسی ڕێژیمە بەرامبەر بە سەرهەڵدانی نوێی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران.