یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان ڕایگەیاندووە کە کەمبوونەوەی ئەم دواییانەی هەندێک لە دەرمانەکان لە ئێراندا بەهۆی ڕوودانی کێشە لە شیرکەتێکی "چینـ"ـیدایە.
"حەیدەر محەممەدی" بەڕێوبەریی گشتیی خۆراک و دەرمان ڕایگەیاندووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی دەرمان، لەم دواییانەدا هاوەردەکردن چووەتە سەرەوە و سەبارەت بە بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆییش بەهۆی ئەوەیکە مادە بنەڕەتییەکانی هەندێک لەو دەرمانانە لە "چینـ"ـەوە دێت و کارخانەکەی تووشی کێشە هاتووە، هەندێک کەمیی دەرمان بەدی هاتووە.
لە مانگەکانی ڕابردوودا کەمیی دەرمان و چوونەسەرەوەی لەناکاوی نرخی هەندێک لە دەرمانەکان بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵک لە ئێراندا.
بەرپرسانی ڕێژیم ئێران هەتا ئێستاش گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ئێران بە گرینگترین هۆکاری کەمیی دەرمان وەسف دەکەن و ئەوە لە حاڵێکدایە کە گەمارۆکانی ئامریکا بەشی دەرمان ناگرێتەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا وتوویەتی کە بانکە بیانییەکان بەهۆی ئاڵووێرەکانی پەیوەندیدار بە دەرمان و پزشکی و تەندروستییەوە لەگەڵ ئێران تووشی سزا نابنەوە.
لەلایەکی دیکەوە شۆرای باڵای دەرمانخانەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە نەبوونی بەڕێوەبەریی دروست و دەستێوەردانە دەستوورییەکان لە ڕێکخراوی خۆراک و دەرماندا کە گرێدراوە بە وەزارەتی تەندروستییەوە، هۆکاری کەمبوونەوەی هەندێک لە دەرمانەکان لەو وڵاتەدایە.