کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گوشار دەخاتە سەر وەرزێڕان

12:19 - 19 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، گوشاری خستووەتە سەر وەرزێڕانی کوردستان تا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بە شێرکەتە دەوڵەتییەکان بدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری کامیاران گوشاری خستووەتە سەر وەرزێڕان، کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان تەنیا بە شێرکەتە دەوڵەتییەکان بفرۆشنەوە و ئیزنی ئەوەیان پێ نادرێت، کە لەسەر مەزراکان و بە پارەی نەخت بە دەڵاڵەکانی بفرۆشنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە جووتیاران، هەموو پێداویستییەکانیان بۆ کشتوکاڵ لە بازاڕە ئازادەکاندا بە ٥ ئەوەندەی نرخی دیاریکراوی دەوڵەتی کڕیوەتەوە و دەوڵەت هیچ یارمەتییەکی نەداون.

هاووڵاتییەک کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: "ڕێژیم هەڕەشەی لە جووتیارانی شار و ناوچەکانی کامیاران کردووە، کە نابێت بە هیچ شێوازێک بەرهەمەکانیان بە دەڵاڵان بیفرۆشن و دەبێت بیدەن بە دەوڵەت و خەڵکیش کە پێداویستییە کشتوکاڵییەکانیان بە ٥ ئەوەندەی ساڵی رابردوو کڕیوە، ناڕەزایەتییان لەو بارەوە دەربڕیوە.

هەروەها ڕایانگەیاندووە، کە نابێت بهێڵین ڕێژیم، بەرهەمەکانمان بە قەرز و نەخت و نرخێکی کەم بباتەوە و داوایان کردووە، تا خەلکی ناوچەکە لە بەرانبەر ئەو هەوڵەدا ڕاوەستن.