کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر خەڵک زیاتر دەکات

17:55 - 18 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەست و پەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە نێو خەڵکدا دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاو و بەرق بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دەست و پەیوەندییەکانی خۆی، بەرزبوونەوەی نرخی بەرقی لە نێو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە، تا بەم شێوەیە بەستێنی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە نێو خەڵکدا درووست بکات.

ئەم سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران، باج و ئابوونەی ئاو و بەرق بەرز دەکاتەوە، بەم پێیە ئەگەر تێچووی مەسرەفی بنەماڵەیەک ٥٠ هەزار تمەن بێت، بە هاویشتنە سەری باج و ئابوونە، فیشی ٨٠ هەزاری دەردەکەن و ئەم پارەیە ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو گیرفانی ڕێژیمەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم، نرخی ئاو، بەرق و گازی ٦٠ لەسەد گرانتر کردووە و گوشارێکی زۆر بۆ سەرخەڵک هاتووە و خەڵک توانای دانی ئەو تێچوویانەیان نییە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بە درووستکردنی دڵەڕاوکێ و زیادکردنی لەڕادەبەدەری نرخ و تەعرەفە دەوڵەتییەکان، دەیهەوێت گرفتە جۆراوجۆرە ئابوورییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان قەرەبوو بکاتەوە و وا پیشان بدات کە گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی جیهان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە.