کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم یارمەتییەکانی لێقەوماوان بۆ خۆی هەڵدەگرێت

17:51 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای پشتگوێخستنی دۆخی نالەباری لێقەوماوانی لافاو یارمەتییەکانیشیان دەبات.

بەپێی زانیاری و تویتە بڵاوکراوەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتردا، یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانی وڵاتانی ئاڵمان و دەوڵەتی ئازەربایەجانیش دیار نین وئەمە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی ئەو وڵاتانە بەرانبەر بەو دۆخە.

 وڵاتی ئازەربایەجان داوای لە ئێران کردووە کە ڕوونی بکاتەوە کە یارمەتییەکانیان بۆ لێقەوماوان بۆ چ ناوچەیەک نێردراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، تەلەفزیۆنەکانی وڵاتی کوەیت بڵاویان کردووەتەوە، کە دەوڵەتی کوەیت یارمەتیی بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای خووزستان بەڕێ کردووە، بەڵام هیچ هەواڵێک لە گەیشتنی ئەم یارمەتییانە بە خەڵک لە بەردەستدا نییە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران دەستی بە سەر ئەو یارمەتییانەشدا گرتووە کە وڵاتی فەڕانسە بۆ لافاولێدراوانی ناردووە؛ لە گومڕۆکی پەرویزخانی کرماشانیش، ‌کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، پێشیان بە یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستانی باشوور گرتبوو و نەیانهێشتبوو ئەو یارمەتییانە بە دەستی خەڵكی لافاولێدراو بگات.

پاش هاتنی لافاو لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، بەتایبەت لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئیلام کە بووە هۆی ماڵوێرانیی خەڵکی ئەو پارێزگایانه، هەڵمەتی کۆکردنەوە و بەخشینی یارمەتی بە لافاولێدراوان لە لایەن خەڵکی ئێران و وڵاتانی دەرەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەرەی سەندووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەم یارمەتییانە بە دەستی لێقەوماوان ناگەینێت.