کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئیزنی سەردانکردنی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان نادات

10:18 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی بتۆن ڕایگەیاندووە، کە بونیادی مەسکەن ئیزنی پێنەداون سەردانی بینا ڕووخاوەکانی کرماشان بەهۆی بوومەلەرزەوە بکەن.

مستەفا ئەحمەدوەند، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بتۆن لە کۆنفڕانسی نەتەوەیی بتۆن ڕایگەیاند: "ئێمە ئامادە بووین دوای بوومەلەرزەکەی کرماشان بەخۆڕایی بازڕەسی نۆژەنکردنەوەی بینا ڕووخاوەکان ئەنجام بدەین، بەڵام بونیادی مەسکەن ئیزنی بە ئێمە نەداوە و پێیان وتین: نامانەوێت ئێوە لەو شوێنانە بن".

بەرپرسی ناوەندی لێكۆڵینەوەی بتۆن ئاماژەی بەوە کرد، کە گوایە دامەزراوەی ستاندارد شەممەی داهاتوو ستانداردی چۆنایەتی بتۆن کەم بکاتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دابوو، کە ئەو بینایانەی لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەکانی کرماشان دروست‌کراون ستاندارد نین.

خاوەنڕایان پێیان وایە، هۆکاری ئەوەی ناوەندەکانی ڕێژیم ئیزن بە هیچ لایەنێک نادەن بۆ بازڕەسی و چاوەدێری سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بکەن ئەوە بێت، کە نەوەک گەندەڵییەکانیان لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینا و ماڵە ڕوووخاوەکاندا دەربکەوێت، چونکە زۆرێک لەو بینا  و خانووانەی دروستکراون لەگەڵ بنەما ستانداردەکان یەک نین و ئەگەری ڕووخانیان لە سەرێیە.