کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئێران گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی بانگهێشت کردووە

12:37 - 28 خاکەلێوه 2719

کورستان میدیا: بە دوای میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، بڕیارە گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان، بهێنرێتە نێو خاکی ئێرانەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، شێخ موعین دەقیق، نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنان، لە شاری قوم باسی لەوە کردووە، حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری ئەو گرووپە، داوای لە هەموو لاوانی لوبنان و  حیزبوڵڵا کردووە، بۆ یارمەتیدان بە لافاولێدراوان بچنە ئێران، سەرەرای ئەوەی کە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی لوبنانی لە ناوچە لافاولێدراوەکانن.

ئەوە لە حاڵێکدایە، کە لە حەوتووی ڕابردوودا، سەرەڕای ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران، تێرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی عێراق، لە ئەهوازدا جێگر بوونە، ئەو میلیشیا چەکدارانە بە بیانووی یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی لافاولێدراو چوونەتەوە ئەوێ، بەڵام لە ڕاستیدا بە مەبەستی سەرکوتکردن لە ئەگەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عەرەب لە ئەهوازدا جێگیر کراون.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵکی لێقەوماوی ناوچە لافاولێدراوەکان، لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی خۆی و پێڕانەگەیشتنی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هێزە تێرۆریستییە سەرکوتکەرانی خۆی لەو ناوچانە جێگیر کردووە، چەند هێزی تێرۆریستی دیکەش وەکوو حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای بە مەبەستی سەرکوت و هێرشکردنە سەر خەڵکی ئەو ناوچانە جێگیر کردووە.