کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئاخوندی چیدی ناتوانێ شکستەکانی بشارێتەوە

16:23 - 20 رەزبەر 2721

جاقل

جیهانبینیی دینی که بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە سەر "ئانیمیزم" هەندێ تایبەتمەندی لە مێشکی هه‌ندێ مرۆڤدا دەخولقێنێ کە چیدی ناتوانن جیهانی واقع و جیهانی خەیاڵ بە باشی لە یەک جودا بکەنەوە. هەڵبەت ئەم حاڵەتە لە هەموو مرۆڤێکی بڕواداردا بە یەک شێوە نییە و شوێن و کات و جۆری ئینسانەکان و نەوعی بڕواداربوونە کە لە چەندایەتی و چۆنایەتی ئەم تێکەڵکردنەی جیهانی بینراو و نەبینراودا شوێندانەریی خۆیان هەیە بەڵام بە گشتی هەموو مرۆڤەکان، تەنانەت ئەو کەسانەش کە خۆیان بە تەواوی بە واقعبین دەزانن، بەشێوەیەک لە شێوەکان لە هەوێشخانی تاریکیی مێشکیاندا هەندێ تایبەتمەندیی جیهانیی نەبینراویان لە خۆیاندا حەشار داوە کە جارجار بێ ئەوە خۆیشیان هەستی پێبکەن یان پێیان خۆش بێت پێ دەنێنە دەرەوە و خۆیان دەردەخەن.

خومەینی بە کەڵکوەرگرتنی ئاوەژوو لە جیهانبینیی دینی لەنێو توێژی لاوە بڕوادار و ناتێگەییشتووەکاندا و خەڵکانی ڕەش و ڕووت و هەلپەرەستدا و پاڵپشتیی دەرەکی توانی دەسەڵاتی خۆی بە سەر خەڵکانی ناڕازیشدا بسەپێنێ؛ لە واقیعدا کەسانێکی بڕوادار بوون بە گۆپاڵی دەستی خومەینی و بە ناوی دین و ئیدئۆلۆژییەوە ئەو حکوومەتەیان دامەزراند کە خۆیان بە باشیان دەزانی. لە وەها حاڵەتێکدا مێشکی بەشێک لە کۆمەڵگا، بێجگە لە کەسانی ناڕازی و شۆڕشگێڕ و خەباتکار، ناچار دەبوو جیهان وەک ئەوە کە تاقمی ڕێژیم دەڵێ و بانگەشەی بۆ دەکرد بیبینێ. ناڕاستی و لار و چەوتییەکان بە دروست و ڕاست پیشان دەدران و چما خەڵکانێک لە بەر بەرژەوەندی و بەشێکیش بەهۆی مێشک وشک و دواکەوتوییەوە ئەو شتانەیان قبوڵ دەکرد.

 تێپەڕبوونی کات و مەرگی "خومەینیـ"ـی جەلاد و کۆتاییهاتنی شەڕی بێ ئاکامی هەشت ساڵە و لە مەیداندا مانەوەی خەباتکارانی شۆڕشگێڕ و واقعبین بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پیرۆزییە دەستکرد و درۆیینەکان لە باری گرێدانی دین و حکوومەتداریی خومەینی و دواتر "خامنەییـ"ـەوە ئاشکرا ببێ و بەردەوام ڕێژەی خەڵکانی چاوکراوە زیاتر بێت .

کۆماری ئیسلامی بە تێکەڵکردنی دین و سیاسەت دەیویست کە حوکمڕانییە گەندەڵ و ناڕەواکەی وەک پیرۆزییە دینییەکان بە پیرۆز بکات. هەر چەند لە دەورانی "خومەینیـ"ـی گۆڕبەگۆڕدا لە هەندێ ناوچەی ئێران تا ڕادەیەک لەمبارەوە سەرکەوتوو بوو بەڵام دواتر ئەم جیهانە ئەفسانەییە وەک بڵقی سەر ئاوی لێهات و نەسڵی نوێ ئەگەر دین و ئایینیشی بە پیرۆز زانیبێ، حکوومەتی ئاخوندی بەوانەوە گرێ نەدا و بە پیرۆزی نەزانی. لە چەند ساڵی ڕابردوودا سۆشیالمیدیا و تێکنۆلۆژی، ئەو جیهانە درۆیینەی زیاتر خستوەتە پەسیوەوە و دیوی شاراوەی حکومەتی ئاخوندی زیاتر بە خەڵک ناساندووە.

 تاڵبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەتایبەت لاوان و تازەپێگەییشتوان و نەبوونی داهات و هەلی کار و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین ئەو نەسڵەی لەگەڵ تەواوییەتی بنەما فیکرییەکانی ڕێژیمدا کردووەتە دژبەر؛ چیدی هێزی ڕاگەیاندنی ڕێژیم ناتوانێ بە پڕۆپاگاندا، شکستە مودیریەتی و ئابووری و سیاسی و ئیدئۆلۆژی و نیزامیەکانی ڕێژیمی تاران بشارێتەوە. خەڵکی زۆربەی ئێران ئێستا ناتەوانییەکانی ڕێژیم باشتر و زیاتر لە هەمیشە دەبینن. هیچ بەڵێن و وادەیەکی ڕێژیم نایێتە دی و خەڵک بە چاوی خۆیان دەبینن کە ئەوە سیمای درۆزنی کاربەدەستانە کە چەند وەخت جارێک دەگۆڕدرێ و قەیرانەکان هەر بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە.

لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا هاوپەیمانیی گەورە و بچوک و شاراوە و ئاشکرا بە دژی ڕێژیم دێتە ئاراوە و بەردەوام لە ڕێگای ماهوارە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵک لێیان ئاگادار دەبن. ڕێژیم لە هەموو بارێکەوە تووشی شکست هاتووە و بە دژی خەڵکی نێوخۆ و ناڕازی هێزی سەرکوت بەکار دێنێ.

دوو ساڵ پاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لەکاتێکدا خەڵکی زۆربەی شارەکانی ئێران بە دژی ڕێژیم ڕژابوونە سەر شەقامەکانی زیاتر لە سەد شاری جوغرافیای ئێران، وڵاتی ئیسرائیل توانی لە کەمتر لە حەوت کاتژمێردا ٥٥ هەزار لاپەڕە و سەنەدی بە تەواوی نهێنی لە بەرنامەی ناوکی ئێران بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و دواتر بیانگوازێتەوە بۆ وڵاتی ئیسرائیل.

ئێستا و پاش زیاتر لە سێ ساڵ خەڵکی هەموو ئێران دەبینن کە ڕێژیمی ئاخوندی بەپێچەوانەی ئیدعا درۆیین و چەواشەکارییەکانی لە بەرانبەر وڵاتی ئیسرائیلدا، ڕێژیمێکی بە تەواوی شکست خواردووە. نیزیک بوونەوەی زیاتری ئیسرائیل لە سنورەکانی ئێران و وەشاندنی گورزی سەربازی لە دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئاخوندی لەنێو جوغرافیای ئێراندا بێدەسەڵاتیی ڕێژیمی بۆ خەڵک ئاشکراتر کردووە. ڕێژیم چیدی ناتوانێ هێرشەکانی ئیسرائیل بە ڕووداوێکی لەناکاو ناو ببات چونکە خەڵک چیدی بە چاوێکی ئارمانی و ئەفسانەیی و پیرۆز لە حکوومەتی گەندەڵی تاران ناڕوانن .

خەڵکی کوردستان هەم لە سەرەتای دامەزرانی حکومەتی ئاخوندیدا و هەم لە پێش ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەدا پێشەنگی دژایەتی ڕێژیم بوون و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆشنگەریی خەڵکی کوردستاندا و ڕێکخستنیان بۆ خەباتێکی ڕەوا و سەردەمیانە دەوری کاریگەری گێڕاوە.

کۆماری تێرۆریستی تاران لەنیوخۆدا و بۆ بەڕێوەبەریی وڵات بە بنبەست و ڕێکوورک گەیشتوە. لە ئاستی ناوچەییدا هاوکێشە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕی جیددیان بە سەردا هاتووە و ئەو کەتوارە زیاتر لە هەمیشە دەردەکەوێ کە بەرانبەرەکانی ڕێژیم چیدی بە قاعیدەی ڕێژیمی تاران شەڕی بە وەکالەت ناکەن. ئەوان شەڕی ئاشکرا دەکەن و ئەوەیکە ئەمڕۆ خۆی لەو شەڕە دەدزێتەوە کۆماری لاواز و نیوەمردووی ئیسلامی ئێرانە .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.