کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران زۆری نەماوە بکەوێتە نێو باتڵاقی سیاسی و بە مێژوو بسپێردرێت

17:32 - 28 سەرماوەز 2719

محەممەد سلێمانی

ڕێژیمی ئاخوندی لەسەر ئاستی نێوخۆ و ناوچەییدا کەوتووەتە ژێر فشاری گەورەی سیاسی و ئابووری کە بەتەواوی پایەکانی دەسەڵاتی بەرەو لاوازی بردووە و لە مێژووی حوکمڕانییان بەسەر چارەنووسی گەلانی ئێراندا، بە وێنەی ئەمڕۆ هەستیان بە مەترسیی جیددی لەسەر بنەما و فەلسەفەی فیکریی بڕیاردانی سیاسی و مەزهەبی  نەکردووە و نیگەرانی لەدەستدانی متمانە و پێگە و نفووزی خۆیانن لەنێو خەڵکی ئێراندا. هەوڵی کاربەدەستانی ڕێژیمی دژی ئازادی و مافی سیاسی نەتەوەکانی ئێران بەمەبەستی بەرئەنگاربوونەوەیان لەگەڵ کۆی ئەو هەڕەشانەی کە بەتەواوی ئاخوندەکان وەك مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاستی دەرەوەدا هەستی پێ دەکەن و لە بەرامبەریدا خۆیان بە دەستەوەستان دەبین، لەبەر ئەوەی توانای ئەوەیان نییە هەنگاوێك بە ئاراستەی بەرگیریکردن و ڕیفۆرمی سیاسیدا بهاوێژن و پرسی  نەتەوەیی لە ئێراندا وەك پێویستییەکی سیاسی و مێژوویی بسەلمێنن و بە ڕفتار و کردارەکانیاندا بچنەوە و دێموکراسی لە وڵاتدا دابین بکەن.

 لە ئێرانی فرەنەتەوەدا بەبێ بوونی دێموکراسی و سەلماندنی سروشتی پێكهاتەی نەتەوەیی و مێژوویی ئەو وڵاتە و درێژەدان بە سیاسەتی ئینکارکردنی  فرەنەتەوەیی بوونی ئێران، دەرفەتی ئازادی و سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لەو وڵاتەدا هەرگیز بەدی نایەت و ئەو هێزانەش کە بەو خەیاڵەوە دەژین و فرمێسك بۆ دواڕۆژی ئێران هەڵدەوەرێنن، بەدڵنیاییەوە زیان بە پێگەی جەماوەری و متمانەیان دەگەیەنن و لە پشتیوانیی خەڵك بێبەری دەبن. بەداخەوە زۆر هێزی سیاسی و نەیاری حکوومەتی ناوەندیی ئێران ئەوەندەی پەرۆشیان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران دەردەبڕن، بەو ڕادەیە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی تاراندا لە خۆیان نیشان نەداوە. ئەگەر هێزێك بیهەوێت بە ڕێگای یەکپارچەیی وڵاتدا مەترسیی لەسەر دێموکراسی و دابینکردنی مافی نەتەوەکانی وڵات دروست بکات، لەگەڵ ناڕەزایەتیی گەلانی زۆرلێکراوی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە. ڕەنگە نەتەوەی فەرمانڕەوا و ئەو هێزانەی کە لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فارسدا پێك هاتوون، بەتەواوی لەگەڵ چەمکی نەتەوەیی دژایەتی بکەن و بەشێکیان هەر لە ئێستاوە کاری بۆ دەکەن.

 لە پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا کۆنفڕانسێك سەبارەت بە پرسی سیاسی و نەتەوەیی گەلانی ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە  بە بەشداریی بەرچاوی پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەکان بەڕێوە چوو. جێگای ئاماژەپێکردنە کە لەو پەیوەندییەدا ڕێزدار "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوو و ڕوانینی خۆیانی خستە بەر نەزەری هەموو لایەك.

کرۆکیی قسەکانی لێپرسراوی گشتیی حیزب، ڕێزدار "هیجری" بە تەواوی نەتەوەیی و دێمۆکراتیک بوون و بوێرانە باسی داهاتووی سیاسیی ئێرانی شی کردەوە و ئەو جار وەک ڕێبەرێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر پرسی نەتەوەییدا، ڕوانینی حیزبی خستە بەر دید و نەزەری دژبەرانی حکوومەتی تاران، بەوانەشەوە کە لەگەڵ ئەو باسەدا بەتەواوی ناتەبا و دژبوون. ڕووداوە خێراکان کە زەمینەی ڕوودانیان هەتا دێ زیاتر دەردەکەوێت، دەسەڵاتی تارانی بەتەواوی تووشی داماویی سیاسی و بڕیاردان کردووەتەوە. چوونکە ڕووداوەکان بە تەواوی لە بەرژەوەندیی ئازادی و دێموکراسی و فەرزکرانی چەمکی فرەنەتەوەییە بەسەر ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەك بوونی هەیە و دەسەڵاتی سیاسی دەبێ بە شێوەی سازان و بنچینەیی مافی نەتەوەیی بێت.  

 لە ئێرانی داهاتوودا دەبێ بەگشتی هەموو هێزەکان باوەڕیان بە بنەماکانی مافی سیاسی هەبێ و نەتەوەی فەرمانڕەوای فارس ، باوەڕیان بە چەمکی فرەنەتەوەیی وڵات بێنن و لەژێر ناوی پاراستنی یەك پارچەی خاكی ئێراندا کە دوژمنایەتی و ڕەتکردنەوەی مافی سیاسی و نەتەوەیی دەگەیەنێت، واز بێنن و بە جۆرێك بیر لە ڕووداوەکان بکەنەوە کە دەبێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیریی سیاسیی وڵات. چوونکە ژینگەی سیاسی و ئاستی وشیاری نەتەوەیی بەتەواوی ڕواڵەتی زاڵ و نامەنتقی ئەو بیر و باوەڕە فەلسەفییە دووگمەی بۆ دەرکەوتووە و ئەزموونی تاڵ و سوێریی لەگەڵدا هەیە و هەر بۆیەش بەتەواوی دژایەتیی لەگەڵ دەکرێ، دژایەتی ئەو هێزانە دەکات کە وەك حاکمانی تاران سەبارەت بە کێشەی نەتەوەکانی ئێران ڕوانینی خۆیان دەرخستووە. 

هەر کاتێك تاران هەست بە مەترسی لەسەر پێگە و هێزیان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێوخۆییدا دەبینن، بە سەناریۆی جۆر بەجۆر و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانیی سیاسی و  مێژوویی ئامریکا، واتە: ئیسرائیل هەوڵدەدەن تۆزێك لە بەزەی خەڵك بۆ پشتیوانی لە دەوڵەت بەدەست بێنن و هێزی بە ڕواڵەتیان نیشانی نایارەکانیان بدەن کە بەڵێ توانای بەرگریی ئێران زۆر لەوەی زیاترە کە دژبەرەکانیان بیریان لێکردووەتەوە.

بێگومان خۆپیشاندانەکانی ئێران و لوبنان و ئێراق کە تێیدا دژایەتیی ڕفتار و سیاسەتی حکوومەتی ئێران وەك ماکەی فیتنە و ئاژاوەی ناوچەیی تێدا ڕەنگی داوەتەوە، شوێنی لەسەر پێگەی سیاسی و هەژموونخوازیی ئەو وڵاتە هەیە و تەنانەت ناکۆکیی گەورە لە نێوان شیعەکانی عێراقدا سەری هەڵداوە و کار بە جێگایەك گەیشتووە کە مەرجعی  باڵای شیعە لە نەجەفەوە، بەو ئاستە لە ناکۆکی بگات، دژایەتیی بڕیارە مەزهەبییەکانی تاران بکات.

حکوومەتی ئاخوندیی ئێران لە بارودۆخێكدایە کە پێناچێت بەتەواوی هێزی زاڵبوونی بەسەریدا هەبێ و بێزارییەکانی گەلانی وڵات هێندەی تر ناوەندی بڕیاری سیاسیی تارانیان نیگەران کردووە. کاتێك لە وڵاتێكدا بنەماکانی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە دێموکراتیکەکان بە شێوەی سیستماتیك و بە بڕیاری تەنیا کەسێك پێشێل دەکرێن، ئیدی ناکرێ لە وڵاتێکی ئەوتۆدا  ئومێد بە ئاڵوگۆڕی سیاسی لە بەرژەوەندیی گەلانی وڵاتدا هەبێت. پاشان ئەو وڵاتەش خۆی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی هەردەم لە هەڵچوون و گۆڕاندایە و هێزی سەرکوتکەر هەست بە ئاسوودەیی ناکا و بە ڕێگای توندوتیژیدا هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات، هەر وەك کاربەدەستانی ئێران کە لە دژوارترین قۆناغەکانی حوکمڕانیدان و ئامانیان لێ هەڵگیراوە. چوونکە زۆرینەی خەڵك و پێكهاتەی سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، دژایەتیی ڕفتارەکانی دەکەن و هەوڵی لادانیان زۆر بەجیددی دەست پێکردووە.

پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئێران هەتا دێ زیاتر لە ڕێژیمی ئێران دووردەکەونەوە و بە ئاشکرایی دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی تاران دەکەن و بە دەنگێکی بەرز و زووڵاڵ داوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئاخوندییان  دەسپێکردووە و ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکانیش بەدڵنیایەوە پرۆسەی جێگۆڕکەی سیاسی لە ئێراندا خێراتر دەکات.

 وەختێك گەلانی ئێران بە دژی سیاسەت و ڕفتاری ڕێژیم  بە هاوبەشی ڕژانە سەر شەقامی شارەکانی کوردستان و بەشەکانی تری وڵات، بێگومان واتای قووڵی هەیە و مەودای تەمەندرێژیی حکوومەتی تێرۆریستی ئاخوندی بە تەواوی لێڵ و تەمومژاوی دەبێنێت. ڕێژیمی ئاخوندی، وەك مەترسیی بەرچاو  لەسەر ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئازادییە دێموکراتیکەکان و بەڕێوەبردنی ستەمی سیاسی بەرامبەر بە نەتەوە بندەستەکانی ئێران تەماشا دەکرێ و دەرفەتی هاوکاری و پشتیوانی لەو حکوومەتە بەتەواوی لاواز بووە.  جموجۆڵی سیاسی و ڕێکخراوەیی کە بە شێوەیەکی سەردەمیانە خەریکە بەتەواوی لە مەودای تێکۆشان و دژایەتیی حکوومەتی ئاخوندیدا، بەهێزتر خۆی دەردەخات  و بەربڵاوتر شوێنی لەسەر پرۆسەی سیاسیی نێوخۆیی دەبێ و ئامانج لەو بزووتنەوە نوێ سەرانسەرییە کە سەری هەڵداوە، ڕتکردنەوەی حکوومەتی تاران و لادانی ئەو جەلادانەیە لەسەر کورسیی حوکمڕانیی وڵاتدا.

ڕاپەڕین و هاتنە مەیدانی کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و بە هەموو پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی مانا و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە کاتێكدا ئەو تێکۆشانە سەری هەڵداوە کە ڕێژیمی ئاخوندی بەتەواوی دووچاری داماوی و نیگەرانیی کردووە. مێژووی سیاسی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کاتێك دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی هاوشێوەی ڕێژیمی ئاخوندی دەرووخێن و لە دەسەڵاتی سیاسی لادەدرێن، کە کۆمەڵگای ئەو وڵاتە بە یەکگرتوویی بە دژی بێتە مەیدانێ هەر وەك ئەو بابەتە لە ڕەوتی مەودای تێکۆشانیدا، بەتەواوی لە ڕووی کردار و ئامانجی خواستەکانی بەتەواوی خۆی گرتووە و هەردەم چاوەڕوانی ڕاپەڕینی سەرانسەری لە ئێران دەکرێت.

 خۆپیشاندانی گەلانی وڵات بە دژی حاکمانی دڵڕەق و غەوغای سیاسی، بەرهەمی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتییە و خەڵك نان و ئازادی و ژیانێكی شایستەی دەوێت و بە گیان و خوێن خەباتی لە پێناودا دەکات، کە بەهۆی ئەو ڕێژیمە و کاربەدەستانیەوە هەموو جۆرە خۆشییەکی ژیانیان لە \دەست داوە و بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانیان، بەداخەوە زۆر جار بە نرخی سپاردنی ڕۆحیان نانیان دەست دەکەوێت.

ڕێژیمی ئێران جگە لە کوشتار و لەنێوبردنی جیابیران و ئاڵاهەڵگرانی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە لە ئێراندا، خێر و بەرەکەتێکی تریان بۆ گەلانی وڵات بەدیاری نەهێناوە و بە هەر ڕێگایەکدا بۆیان بلوێ، زیان بە خەڵك و ئاسایش و کەرامەتیان دەگەیەنن.

لە ئاکامی بێزاری و دوورکەتنەوەی خەڵك لە حکوومەتی نیزامیی تاران،  بڕیاری لادان و ڕووخاندنیان داوە و کۆمەڵگای ئێران بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانیەوە، وەك ساڵانی ڕابردوو هەتا نیازی بەشداریکردن لە هەڵبژرادنی دەورەی تازەی مەجلیسی شۆرای ڕێژیمی تارانیان نییە و زۆر ژیرانە هەوڵی بایکۆتکردنی سەناریۆی هەڵبژاردنی بەناو نێوێنەرانی خەڵك دەدەن. ئەوانەی دەچنە مەجلیس کەسانی نزیك لە بیر و ڕوانینی عەلی خامنەیی و وەفادارانی ئەو دەسەڵاتەن. پاشان لە ئێراندا ئەوەی ڕۆڵێکی بەتەواوی پاشخانی سیاسی و ئیداری لە بڕیاردانی سیاسیی ئێراندا هەیە، خۆدی مەجلیسە. ڕێبەری نیزامی ئاخوندی بڕیار و سەرنجەکانی زۆر زیاتر لە سەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندە بەناو شەرعییەکانی وڵاتن. کەوابوو بە هەڵبژاردنی دەورەی نوێی مەجلیس، ناکرێ هیوا لەسەر چارەسەرکردنی گیروگرفتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان هەڵبچنن.

 دەسەڵاتی تاران هەوڵ دەدات بە ڕێگا و سەناریۆی جۆربەجۆردا پشتیوانی شەقامی ناڕازی بەدەست بێنێ و لانیکەم مەترسییە نێوخۆییەکان لەسەر حکوومەت کەم بکاتەوە. بەڵام ئەوەی هەتا ئێرە لە نێوان گەلانی ئێران و ڕیژیمی ئاخوندیدا دەبینرێ، دژایەتی و هەوڵدانە بۆ ڕووخاندنی ئەو حکوومەتە کە بووەتە پەتایەکی مەترسیدار بەسەر ژیان و ئازادیی خەڵكدا.

ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بە ڕادەیەکی ئەوتۆ کەوتووەتە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و نێوخۆیی کە لە داماویان هەر جارە و بە ڕێگایەکدا هەوڵیان داوە هێز و نفوزی سیاسی و سەربازییان پیشانی نەیار و دژبەرە نێوخۆییەکانیان بدەن. ڕەوتی ڕووداو و ئاڵوگۆڕە سیاسی و ناوچەییەکان بێگومان مەترسیی گەورەی لەسەر حکوومەتی تاران دروست کردووە و نەیارەکانی ئێران کە خۆیان لە هاوپەیمانییەکی بەهێز و یەکگرتوودا ڕێک خستووە، بەو هاوبەشی دژی سیاسەتی شەڕئەنگێزی هەر کارێك دەکەن کە سنووری هەژموونی تاران زیاتر بەرتەسك بکەنەوە. زۆر یەك لە هاوبەش و دۆستە نزیکەکانی تاران، خەریکە بەپێچەوانەی ویستی سیاسی و فراوانخوازی هەڵویست دەگرن و بەدوای بژاردەیەکی سەلیمدا دەگەڕێن، هەتا ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی وڵاتەکانیان بپارێزن.

خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییەی نێوخۆی ئێران و بەغدا و بەیرووت، ب ەڕوونی دژایەتیی دەسەڵاتی ستەمکار و ئاژاوەگێڕی حکوومەتی تێرۆریستی ئێران دەکەن. تاران زۆر لەمێژ بوو کاری لەسەر ئەوەی دەکرد کە لە ڕێگای هاوبەش و نزیکەکانیەوە، جگە لە سەقامگیریی ئێران، ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و ئالۆزی و بارگرژییەکان بباتە نێو وڵاتانی تری ناوچە و لەوێوە شەڕی ئامریکا و دژبەرەکانی خۆی بکات. کاربەدەستانی باڵای سیاسی- نیزامی ویلایەتی فەقیهـ بەو ئاکامەی گەیشتوون کە مەترسییەکان لەسەر حکوومەتی ئێران زۆر جیددین و ناکرێ ڕەوتی ئاڵوگۆڕە خێرا و لەناکاوەکان کە بە هێواشی لە دەوروبەریان خەریکە ڕوودەدەن بە هێند وەرنەگرن.

 کاربەدەستانی سەربازیی ئێران گەلێك جار بە ڕێگای تەقاندنی مووشەك یان پێشانگای کەلوپەلی سەربازیدا، هەوڵ دەدەن پەیامێك بۆ دژبەر و هاوپەیمانەکانی ئامریکا بنێرن کە توانای سەربازی و بەرگریی تاران زۆر لەوەی کاریگەرترە کە نەیارەکانیان بە خەیاڵیاندا دێت. بەڵام ئەو بابەتانە و لێدوانی هاوشێوە زیاتر داماوی و ترس و نیگەرانییەکانی تاران دەردەخات کە توانای دەربازبوونی بەتەواوی لەدەست داوە.

وڵاتانی دژبەری ئێران سەرەتا بە ڕێگای گورزی ئابووریدا پایەکانی نیزامی ئاخوندیان بەتەواوی درزپێداوە. وەختێك گەلانی ئێران بە شوعاری بڕووخێ ڕێژیم و مردن بۆ خامنەیی دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ئازادی و حکوومەتێكی گەلی دەکەن، نیشانەی ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران لەنێو خۆشدا زیاتر هەست بە مەترسی دەکات. ئەو ڕێژیمە لە ماوەی مێژووی حوکمڕانی بەسەر گەلانی ئێراندا، جگە لە نەهامەتی و وێران و کاولکردنی وڵات و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی نەتەوەکانی وڵات شتێکی ئەوتۆیان نەکردووە کە خزمەت بە بووژانەوەی کەرتی ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان بکات.

 باسی ئازادی و دێموکراسی و مافی نەتەوایەتیی گەلان هەر ناکرێ ئاماژەی پێ بدرێت، چوونکە دەسەڵاتی تاران ئەوە چل دانە ساڵی ڕەبەقە دژایەتیی ئەو چەمکە نەتەوەییە دەکات و بە توندترین و دڵڕەقانەترین لە شێوەکانی سەرکوتی بە دژی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران  بەڕێوە دەبا و تەنانەت دەرفەتی تێکۆشانی مەدەنیش بەتەواوی خەریکی بنەبڕبوونە لە ئێراندا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.