کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران ناتوانێت خۆی لە قەرەی ئیسرائیل بدات

11:33 - 14 پووشپەڕ 2720

محەممەد سلێمانی

ڕێژیمی دژ بە ئازادی و دژ بە مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران، واتە دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئاخوندی بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی نزیک لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خەریکە بە پاڵپشتی و هاوکاریی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە تێرۆریستییەکانی نزیکیان، خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ڕێک دەخات و بۆ ماوەیەک دەبێ لەژێر بەهانە و بیانووی تردا هێزەکانی لە سووریە دەگوازێتەوە بۆ شوێنی نادیار و هیچ بە دوور نییە بە ڕێگای نهێنیدا ڕەوانەی نێو خاکی لوبنانیان نەکات.

هەرچەند ئەو بابەتە شتێک نییە کە دەسەڵاتی ئاخوندیی ئێران، لانیکەم لە دۆخێکی وەک ئێستادا بڕیارێکی لەو چەشنە سەرشێتانەیە بدات و هەڵەیەکی تری سیاسی و مێژوویی دووبارە بکاتەوە و ئەگەر تۆزێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە و چاوێک بە ڕووداوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان بەغدا و تاراندا بگێڕین، بێگومان ئەو ڕاستییە باشتر ڕوون دەبێتەوە کە کۆمەڵگای ئێران هێشتا بەتەواوی پشتی لەژێر کاریگەری و ماڵوێرانییەکانی  ئەو شەڕەدا لەگەڵ ڕێژیمی سەدام حوسێن، نەیاری بەرچاوی ڕێژیمی ئاخوندی  بەتەواوی ڕاست نەکردووەتەوە و ئابوورییەکی بەتەواوی داڕماو و وڵاتێک کە شەکەتی و برسیەتی و هەژاری وەک مۆتەکە سواری شان و ملی هەژاران و  خەڵک بووە، بێگومان لە دەسەڵاتیدا نابێ کە خۆی تووشێ ژانەسەرێکی تری لەو جۆرە بکاتەوە و وڵات بە جارێک بەرەو لەنێوچوون و هەڵگەڕانەوەی خەڵک لە خۆیان بکەن و دەرفەتی شیاو بۆ دژبەرەکانیان پێک بێنن کە هێرش بکرێتە سەر ئامانج و پێگە سیاسی و سەربازییەکانیان لەسەر ئاستی ناوچە و نێوخۆی وڵاتدا.

ئەو بژاردەیەی تاران تەنیا خۆی لە چوارچێوەی قسە و گوفتاری بێ کرداردا دەبینێتەوە و خۆشیان زۆر باش ئەو ڕاستییە دەزانن کە بڕیارێکی ئەوتۆ و بەسوودیان نابێت و ڕێژیمی تاران کە بەتەواوی لەژێر گوشاری سیاسی و ئابووری و تەنانەت لە ڕووی سەربازیشەوە لەسەر سنوورە ئاوی و وشکانیەکانی بەتەواوی گەمارۆ دراوە و بە هەڵکوتانەسەر ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕ، ئەو دەرفەتە بە نەیارەکانی دەدات کە بەگشتی بە دژی جووڵە بە هێزەکانیان بکەن و هێرش بکەنە سەر دەسەڵاتی ئاخوندی.  بێگومان تاران ناتوانێت بەو بارودۆخەی کە هەیەتی بتوانێت داوای شەڕی ڕووبەڕوو بکات، چوونکی بە درێژایی قەیرانی سووریە و چالاکییەکانی ئێران لەو وڵاتە و نزیکبوونەوەیان لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل، بە ئامانج گیراون و لە ڕووی سەربازییەوە زیانێکی گەورە بە هێزە نیزامییەکانی ئێران  گەیشتووە و نەیانتوانیوە تەنانەت بۆ جارێکیش بێت، بەرگری لە خۆیان بکەن و خۆیان لە هێرشە لەناکاوەکانی ئیسرائیل بپارێزن.

ئەگەر بێت و دەسەڵاتی تێرۆریستیی ئاخوندی خۆی بخاتە دۆخێکی ئەوتۆ و بەدوای کڵاوی بابردووی بکەوێت و بە تەمای حیزبوڵڵای لوبنان شەڕی گەورەترین و بەهێزترین هێزی ناوچە بکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش لەسەر ئاستی نێوخۆییدا، تووشی سەرئێشە و  شکانی گەورە دەبێت و ئەگەر بەوەردی سەرنج بخەینە سەر بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ڕێژیمی ئاخوندی، بە شێوەیەکی تر لێکدانەوەی ئەو ڕووداوە بکرێت و میزانیەی ئابووری و متمانەی خەڵک لە حکوومەت بە باشی تێبگەین، ڕێژیم ئیسلامیی ئێران  وەک دەیەی شەست بە سێحری جادووی لاوانی وڵاتی بە کلیلەوە پێ  ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ ناکرێت و ئەو وشیارییە سیاسی و نەتەوەییە بەدی دەکرێت کە گەلانی وڵات بەتەواوی لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە بەتەواوی لە حوکمرانی بەسەر چارەنووسیاندا بسڕنەوە.

ئەو وشیارییە سیاسی و کۆمەڵاتییە بەخۆشییەوە هەیە کە ڕۆڵەکانی گەلانی ئێران بەر لە هەر کارێک و هەڵوێستێک بیر لە داهاتوو و ئاسایشی سیاسی و مافی نەتەوەیی و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان دەکەنەوە کە لە سایەی تاراندا لە هەموو جۆرە شادی و ئاسوودەییەک بێبەری کراون و دەمێکە بڕیاری ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی تارانیان داوە و لە دەرفەتی زێڕین دەگەڕێن کە بە ئامانجەکانیان بگەن و کوا شەڕ لە پێناوی مانەوە و بەهێزبوونیدا دەکەن!

لە سێبەری ڕێژیمی دژی گەلی ئاخوندیدا، ڕۆژ نییە بە پۆل لاوانی ئازایخواز و جیابیر لە سەرانسەری وڵات، لەسیدارە نەدرێن یان بڕیاری درێژمەودای بەندیخانەیان بۆ نەبڕێتەوە و بۆ ئەبەد لە کەسوکاریان دایاندەبڕن، کەچی حکوومەتی ئاخوندی خۆی بە مافناس و پارێزەری خەڵکانێک نیشان دەدات کە وەک مرۆڤ مافیان پارێزراوە و بەهۆی نەتەوەیی و شوناسی جیاوازیانەوە ستەمی سیاسی و هەڵاواردنیان لە ئامریکا لەسەر نییە و برسی و هەژار ناکرێن.  ئەگەر دەسەڵاتی  ئێران تەنیا تۆزێک ویژدان و هەست و بیرکردنەوەی هەبووایەت، لەجیاتی ئەو یەک دوو قسە بێ کەڵک و بێ سەمەرانەیان، تۆزێک بەخۆیاندا هاتبانەوە و چاوێکیان بە کردەوە دژی گەلی و نامرۆڤانییەکانی خۆیاندا گێڕابا، زۆر شیاوتر لەو هەڵوێستەیان دەبوو بەهۆی ڕووداوی کوژرانی "جۆرج فلۆید" هاوخەمییان بە گەلی ئامریکا گەیاند.

پاشان باتۆزێک لەسەر ئەو خاڵە جەوهەرییە و هەڵوێست و کردارە بەتەواوی ناتەبای حکوومەتی ئاخوندی قسەیەک بکەین و لە خۆیان ئەوە بپرسین، پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکرێت کە لەسەر ئەساسی چ پێوەر و مێکانیزمێکی ئەخلاقی و ویژدانی ئیدانەی کارێک دەکەن کە لە کاری ڕۆژانەی ئێوەدا بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو؟  بێگومان وەک پێوەرێکی سیاسی و ئەخلاقی، حکوومەت و دەسەڵاتێک دەتوانێت کردەوەیەکی لەو چەشنە ئیدانە بکات و سەرکۆنەی بکات کە خۆی بەتەواوی ڕێز لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بگرێت و بەشێک لە سەرکوت و ستەمی سیاسی و نەتەوەی وڵاکەی خۆی نەبێت. کاتێک حکوومەتی ئاخوندی خۆی سیاسەتی سەرکوت و ستەمی سیاسی و نکۆڵیکردن لە مافی سیاسیی گەلی کورد و گەلانی تری وڵات پەیڕەو دەکات، چۆن خەڵک و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باوەڕ لەسەر ئەو هەڵوێستەیان هەڵدەچنن.

بە درێژایی کێشەی عەرەب و ئیسرائیل، ئێران بە کاناڵی جیاجیادا دژایەتی هەنگاوەکانی ئاشتی و تەبایی لەنێوان فەلستین و حکوومەتی ئیسرائیل کردووە و بەردەوام بۆ تێکدانی ئارامی هانی گرووپە توندئاژۆکانی داوە و بۆ ئەوەی تەگەرە بخەنە بەردەم پرۆسەی ئاشتی و ئاڵۆزی بخاتە نێوانیان و ناکۆکییەکان زیاتر بەرەو  قوڵبوونەوە بەرێ و لە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان بە سوودی خۆی ڕێکێڤ لە ئەسپی خەیاڵی هیلالی شیعەی بدات و کۆنترۆڵی ئەو گەروە سیاسی و ستراتیژییانە بکات، بۆ ئەوەی لەوێوە پاشەکشە بە نەیارەکانی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەیدا بکات. ئەو خەیاڵەی تاران کیسەی بۆ هەڵدرووە دەمێکە لە پێناویدا سامانی گشتیی وڵات بە هەدەر دەدات و تا ئەمڕۆش دروێنەی سوودەکەی نەکردووە، جگە لە برسیکردنی خەڵک و وێران و کاولکردنی کەرتی ئابووری و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی کۆمەڵگای وڵات نەبێت.  

هێزە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا زۆر بەباشی خۆیان خزاندووەتە نێو دەزگای موخابەراتی حکوومەتی ئاخوندی و لەسەر جووڵەی هێزەکانی ئێران زانیارییان پێ دەگات و ڕێژیمی ئاخوندی بەو کارە بەتەواوی نیگەرانی دایگرتوون و تەنانەت خەریکە لە سێبەری خۆیان بە گومان دەکەن و کاتێک "قاسم سلێمانی" بە سانایی لە بەغدا هێرشی کرایە سەر و لەنێو برا، یەکێک لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوی گەورەتێرۆریستی تاران لەسەر جووڵەکانی سلێمانی زانیاری بە "موساد و سیا" گەیاندووە، کاتی لەنێوبردنی دڕندە و تێرۆریستی حکوومەتی ئاخوندی.

دەسەڵاتی تاران لە کاتێکدا خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ وڵاتێکی بەهێز و نەیاری تاران ئامادە دەکات کە بەتەواوی لەسەر سنوورە ئاوی و وشکانیەکانەوە گەمارۆ دراوە و لەسەر ئاستی نێوخۆشدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی  بەتەواوی بەرەو شڵەژان چووە و لە بەرامبەر حکوومەتی تاراندا ئیرادەی یەکگرتووی سیاسی و نەتەوەی هەلومەرجێکی شیاوی بۆ هاتووەتە ئاراوە و ئەو نەتەوانەی لە وڵاتدا، بە تەواوی هەست بە پەراوێزخران دەکەن، لە ڕووی هزرییەوە زیاتر لێک نزیکبوونەتەوە بۆ دژایەتی و خەباتی هاوبەشی بە دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی تاران.

ئەگەر حکوومەتی ئێران بە هەر هۆکارێک هەوڵێکی لەو جۆرە بدات، بەر لە هەر شتێک مەترسییەکان لەسەر ڕێژیمەکەیان زیاتر دەکەن و بێگومان ئەو کارەیان دەبێتە سەرەتای لاوازی و لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر بەشەکانی ئێراندا و گەلی کورد لەو بارەوە بەتەواوی لەسەر خەتە و بە خۆشییەوە ئەو کۆدەنگییە سیاسی و نیشتمانییە لەنێو خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکانی بە تەواوی دەبینرێت و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناوی یەکڕێزیی سیاسی و نەتەوەییدا هەنگاوەکانی خێراتر کردوون و بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستەی حیزب شوێنی گەورە لەسەر بارودۆخی کوردستان دەبێت.

بەپێچەوانەی لێکدانەوەی ڕێبەری نیزام، ئامریکا لە هەمبەر ئێراندا هەرگیز  پشت لە دۆست و هاوپەیمانە سیاسی و مێژووی و ستڕاتیژییەکانی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناکات و ڕووداوەکان بەو جۆرە نابن کە تاران کیسەی بۆ هەڵدرون و بە خەیاڵ نەیارەکانی  یەک بەدوای یەک لە پرشوبڵاویدا لەنێو دەبات.

حکوومەتی ئاخوندی لەسەر ئاستی نێوخۆشدا ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی لە پشت نییە کە بە ئاقاری شەڕێکی ماڵوێرانکەری تر بڕوات لەژێر دروشمی بێبنەمادا و گەلانی ئێران و بەدیاریکراویش گەلی کورد بەتەواوی دژی ڕەفتار و سیاسەتی سەرکوت و دژی ئازادی و مافی نەتەوەی دەسەڵاتی تاران، خۆی ڕێک خستووە  و لە دەرفەتێک دەگەڕێت کە بەتەواوی کۆتایی بە  دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.