کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران گرووپێکی تری تێرۆریستیی لە عێراقدا پێک هێناوە

12:42 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، لە وڵاتی عێراقدا، گرووپێکی تری  میلیشیای تێرۆریستیی دروست کرد و دەسپێکی دامەزراندنی ئەو گرووپەی بە هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئامریکا ڕایگەیاند.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە و بەرەوپێشبردنی سیاسەتە تێکدەرانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە گرووپگەلێکی تێرۆریستی دروست کردووە، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێژیمەوە پاڵپشتیی دارایی، سەربازیی، سیاسی و لە لایەن لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە فەرماندەییان دەکرێت.

ئەو گرووپانە جیا لەوەی کە وەکوو داردەستێکی ڕێژیمن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی و بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری و تێکدانی ئارامی ناوچەکە، لە هیچ کردەوەیەکی تێرۆریستی سڵ ناکەن و ئەو بڕیارانەش ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێژیم و بەتایبەتی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم دەدرێت ، کە خۆی بە ئیمامی گشت موسلمانانی ئەهلی شێعە لە جیهاندا دەزانێت.

لەم بارەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ۹ی جۆزەردان، گرووپێکی تری تێرۆریستیی سەربە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران لە عێراق، بە ناوی "بەرەی شۆڕشگێڕی ئازادیخواز"، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدئۆیی، دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند، ئەو گرووپە لەو گرتە ڤیدئۆیەدا پەیامی دەسپێکی دامەزراندنی خۆی بە هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراقدا دەست پێ کرد.

گرووپی نوێی تێرۆریستیی "بەرەی شۆڕشگێڕی ئازادیخواز" کە بە ئاڵای و یۆبێلی گرووپی تێرۆریستی حەشدی شەعبییەوە ئەو گرتەڤیدئۆیەی بڵاو کردووەتەوە، لە پەیامێکدا ڕووبە هێزەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، "هەموو هێزە و سەربازەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراقدا دەکەینە ئامانج تاکوو بە سەرشۆڕی لە عێراقدا دەریان بکەین".

 لە بەشێکی تری پەیامی ئەو گرووپەدا هاتووە: "بەرەی شۆڕشگێرانی ئازادیخواز ڕایدەگەیەنین، بەرەیەک كە ھەر لە ئێستاوە ئەركی بە ئامانجگرتنی ھێزەكانی ئامریكا لە ئەستۆ دەگرێت، بەرەیەک كە دەبێتە قەڵغانێک بۆ نیشتمان (واتە وڵاتی عێراق) و كوشتنی ھەر كەسێک كە ھەوڵ بدات، خەڵكی ستەملێكراومان ژێردەستە بكات، پەنا بە خوا و بە سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلەكەمان و قوربانیدانی گەنجانمان، ھێزی داگیركار لە وڵات دەر دەكەین و شكستی پێ دەھێنین".

لە کاتێکدا ئەو گرووپە بە ئاڵا و یۆبێلی حەشدی شەعبییەوە دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاندووە، گرووپی تێرۆریستی حەشدی شەعبی بێبەریبوونی خۆی لەو گرووپە ڕایگەیاندووە.

لەم بارەیەوە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە، کە ئەو گرووپە ناڕاستەوخۆ سەربە حەشدی شەعبییە و ڕێژیمی ئێران تایبەت بۆ هێرش و کردەوەی تێرۆریستی بەرانبەر بە هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراق دروستی کردووە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت، کە ڕێژیمی ئێران ئەو گرووپە تازە دامەزراوە پڕچەک و تەیار بکات بۆ هەموو شێوە کردەوەیەکی تێرۆریستی لە وڵاتی عێراقدا.