کوردستان میدیا: بە پێی زانیاریەکانی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سوپای پاسداران لە تۆپبارانی کوردستاندا تۆپی فسفۆری بەکار دێنێ.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند کە سوپای ترۆریستیی پاسداران، سەرەڕای هەموو کردەوە تیرۆریستی و دژە مرۆییەکانی، لە شەڕی دژی کوردستاندا تاوانی شەڕ دەخولقێنێ و لە تۆپی فسفۆری لە تۆپبارانکردنی کوردستاندا کەڵک وەردەگرێ.
لە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی کوردستان لە ڕۆژی سێشەممە ۲٦ی پووشپەڕدا، سوپای پاسداران تۆپی فسفۆریی بەکار بردووە کە هەم بۆتە هۆی سووتانی ژینگە و هەم شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی کوردستان، بەهۆی گولە تۆپی فسفۆری بووە.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رادەگەیەنێ کە شەڕی سپای پاسداران دژی کوردستان، شەڕێکی دژە مرۆییە کە هەموو بەها مرۆیی و جیهانیەکان پێشێل دەکا و ناوەڕۆکی تیرۆریستی و دژەمرۆیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کات دەسەلمێنێ.